لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شارەکانی ڕەشت و مەشهەد، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی بەڕەسەر و شیروان بە ناوەکانی محەممەد کەربەلایی و سەمەد ئەحمەدیی بەڕەسەری بە دەسڕێژی چەکی جەنگیی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان بەخت کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەشهەدەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «محەممەد کەربەلایی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی شیروان و دانیشتووی مەشهەد، ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە بولواری تووسی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی جەنگیی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوللە بەر لاتەمووی کەوت و گیانی بەخت کرد. بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژ گەڕانی بەردەوام لە بەهەشتی ڕەزای مەشهەد، تەرمەکەیان وەرگرتەوە و ڕۆژی ٢٥ی بەفرانبار (١٥ی ژانڤییە) لە گۆڕستانی «بەهەشتی ڕزوان»ی هەمان شار ئەسپەردەی خاکیان کرد».
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری ڕەشتەوە باس لە گیانبەختکردنی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بەڕەسەر و دانیشتووی ڕەشت دەکات: «سەمەد ئەحمەدیی بەڕەسەری ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری ڕەشتدا لە لای سەرەوە کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی جەنگیی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانی بەخت کرد. تەرمەکەی ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار (١٠ی ژانڤییە) دوای وەرگرتنی بەڵێننامە لەسەر بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە، بەڵام ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار (١١ی ژانڤییە) بنەماڵەکەی سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنیان لە شاری بەڕەسەری شاری ڕوودبار بەڕێوە برد. سەمەد ئەحمەدی ٤٠ ساڵان و باوکی دوو منداڵ بوو».
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستە گیانبەختکردنی ٤٤٤ هاووڵاتیی کوردی لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کردووە.