موجتەبا و مەیسەم وەیسی، دوو برای کوردی یارسان و لە چالاکوانانی فەرهەنگیی ناسراوی ناوچەی کرماشان، لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی سوپای پاسداراندا بۆ سەر گوندی «قەڵاکوەش»ی شاری داڵاهۆ گیانیان بەخت کرد.

ئەم دوو برایە دوای ئەوەی لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا بەشدارییان کرد و هەر لەبەر ئەوەیش مەترسیی دەستبەسەربوونیان لەسەر بوو، شوێنی ژیانی خۆیان لە گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشان بەجێ هێشتبوو و بە درێژایی چەند مانگی ڕابردوو بە نهێنی ژیانیان دەکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٦) هێزەکانی سوپای پاسداران دوای ئەوەی شوێنی خۆشاردنەوەی موجتەبا و مەیسەم وەیسییان لە گوندی «قەڵاکوەش»ی شاری داڵاهۆ دۆزیبۆوە، بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکان وەریان گرتبوو، هێرشیان کردە سەر شوێنی ژیانی ئەم دوو برا کوردە. هێزەکانی سوپا لەم هێرشەدا بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە ماڵەکەیان بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا موجتەبا و مەیسەم بە دەسڕێژی گوللە کوژران».

بە وتەی سەرچاوەکە، هێزەکانی سوپای پاسداران دەستیان بەسەر تەرمی ئەم دوو چالاکوانە فەرهەنگییەدا گرتووە و تا ئێستە تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکردووەتەوە.

موجتەبا و مەیسەم وەیسی دوای ڕاپەڕینی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (ژانڤییەی ٢٠٢٦) و توندبوونەوەی گوشارە ئەمنییەکان و مەترسیی دەستبەسەرکردنیان، بە ناچار گەڕەکی دەرەدرێژیان بەجێ هێشت و بە شاراوەیی دەژیان، دەرەدرێژ کە شوێنێکی پەراوێزکەوتەی کرماشانە، یەکێک بوو لە ناوەندە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەو ڕاپەڕینە.

ئەم گیانبەختکردوانە پێشتریش چەندین جار بە هۆی چالاکیی فەرهەنگییەوە یان بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا، کەوتبوونە بەر گوشار و هەڕەشەوە یاخود لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون. ئەم دوو برایە نزیکەی ساڵێک لەمەوپێش لەگەڵ چەند چالاکوانێکی ئەدەبی و فەرهەنگیی دیکەدا کتێبخانەی کوردیی دەرەدرێژیان دامەزراند و هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی چالاکیی فەرهەنگی، هونەری، برەودان بە کتێبخوێندنەوە و بەڕێوەبردنی بەرنامەی جەماوەرییەوە، کەشێکی لەبار بە ئاڕاستەی یەکگرتوویی و هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی هیوا لە ناو منداڵان و لاوانی ئەم ناوچە بێبەشکراوەدا پێک بهێنن. دەرەدرێژ ناوچەیەکی پەراوێزخراوی کرماشانە و زۆربەی دانیشتوانی لە پێڕەوانی ئایینی یارسانن.

موجتەبا و مەیسەم هاوکات لە بەڕێوەبەرانی جێژنی گەورەی نەورۆزی ١٤٠٤ (٢٠٢٥)ی ئەو گەڕەکە بوون. موجتەبا وەیسی ڕۆژی ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٥ی مارسی ٢٠٢٥) هەر بە هۆی ئەو دەورەی لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەدا هەبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیک بە سێ حەفتە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. دوای ئازادبوون لە زیندانیش بە شێوەی بەردەوام کەوتبووە بەر گوشار و هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە.

چەند وێنەیەکی ماڵەکە: