هاووڵاتییەکی ٢٦ ساڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ناوی ڕێباز سلێمان ساڵح کە لە ناوچە سنوورییەکاندا سەرقاڵی ئاژەڵداری بوو، کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و گیانی لە دەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٠ی جولایی ٢٠٢٦) ئەم هاووڵاتییە کە لەگەڵ براکەیدا لە بەرزاییەکانی «خنێرە» لە ناوچەی سیدەکانی پارێزگای هەولێر خەریکی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی بوو، لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کە نزیک لەو ناوچەیە بوون، دەسڕێژیان لێ کرا و لە ئەنجامدا ڕێباز سلێمان ساڵح گیانی لە دەست دا.

هێزەکانی سوپای پاسداران دوای کوشتنی ئەم هاووڵاتییە تەرمەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دەستیان بەسەر هەرهەموو ئاژەڵەکانیشیدا گرتووە. دواجار و پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولایی ٢٠٢٦) تەرمی ئەم هاووڵاتییە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سوپای پاسداران لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا لە زۆربەی ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە پیرانشارەوە تا سەلاسی باوەجانی، هێزی سەربازی و چەکوچۆڵی قورسی جێگیر کردووە و لە زۆربەی ئەو ناوچانەدا قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاندووە.