مەهدی تەوەکولی، بەرپرسی یانەی وێنەگرانی کوردستان و خوشکەکەی سومەییە تەوەکولی، دەروونناس، لەگەڵ دایکیاندا، مریەم ئەسڵانی، لە جادەی بانە-مەریوان کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و گیانیان بەخت کرد.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی یەکشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٦ی جولایی ٢٠٢٦) ئەم سێ هاووڵاتییە لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلێکی سەمەند لە جادەی بانە-مەریوانەوە دەڕۆیشتن، کەوتنە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەسبەجێ گیانیان بەخت کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دامودەزگا ئەمنییەکان بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەیان بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە تەنها بە مەرجێک تەرمەکانیان ڕادەست دەکەنەوە کە هیچ جۆرە هەواڵێک لەسەر ڕووداوەکە بڵاو نەکەنەوە. هەروەها گوشاریان خستووەتە سەریان تاکوو بڵێن لە «ڕووداوی هاتوچۆ»دا گیانیان لە دەست داوە.
هاوکات هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە چوار ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە دەسڕێژێکی هێزە سنوورپارێزەکان و هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەمەند لە شاری بانە کوژراون.
ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی مریەم ئەسڵانی، سومەییە تەوەکولی و مەهدی تەوەکولی ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٧ی جولایی ٢٠٢٦) بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکانیان، خزمانیان و ژمارەیەک لە چالاکوانان و کەسایەتییە هونەرییەکانی کوردستان لە بەهەشتی موحەممەدیی سنە بەڕێوە چوو. هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادە بوون، بەڵام سەرباری ئەوەیش لەسەر بەردەقەبری هەرسێکیان ڕستەی «شەهیدی کوردستان» نووسراوە.
مەهدی تەوەکولی، وێنەگری ناسراوی کورد، پێشتریش بە هۆی چالاکییەکانیەوە دەستبەسەر و زیندانی کرابوو. ئەم هونەرمەندە کوردە یەکەم جار ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٥ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٣٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. ماوەیەک دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. لە پووشپەڕی ١٣٩٦دا (ژوەنی ٢٠١٧) بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. جارێکی تریش لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی مانگێک دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
