ئەگەرچی زیاتر لە شەش مانگ لە سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦) تێ دەپەڕێت و لە کاتێکدا کە بنەماڵەی سرووش کەرەمی، هاووڵاتیی ١٨ ساڵانی خەڵکی کرماشان، دوای بێسەروشوێنبوونی کوڕەکەیان لە خۆپیشاندانەکانی ١٨ی بەفرانباردا (٨ی ژانڤییە) لە گەڕەکی مەسکەنی ئەم شارە بەدوای چارەنووسیدا دەگەڕان، ئێستە دەر کەوتووە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە هەمان ئەو ڕۆژە بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان گیانی بەخت کردووە و تەرمەکەی بە هەڵە لەباتیی ئەمیرعەلی حەیدەری، منداڵی ١٧ ساڵان کە ئەویش گیانی بەخت کردبوو، درابوو بە بنەماڵەی حەیدەری.

دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکە و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکیی پێویست، دەر کەوت ئەو تەرمەی لە گوندی سەراوڵەی کرماشان بە ناوی ئەمیرعەلی حەیدەرییەوە ئەسپەردە کراوە، لە ڕاستیدا سرووش کەرەمی بووە و تەرمی ئەمیرعەلییش ماوەیەک پێشتر و دوای چەند مانگ گلدانەوەی وەکوو تەرمی بێناونیشان، لە گۆڕستانی باغ فیردەوسی کرماشان ئەسپەردە کراوە.

پێشتر ژمارەیەک لەو بەندکراوانەی لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباردا دەستبەسەر و دواتر ئازاد کرابوون، بە بنەماڵەی سرووش کەرەمییان ڕاگەیاندبوو کە کوڕەکەیان دەستبەسەر کراوە و دوای پێنج مانگ بە تۆمەتی «موحارەبە»وە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی کرماشان کراوە.

چەند سەرچاەیەکی نزیک لە بنەماڵەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە گیانبەختکردووە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە و ئاوایان وت: «ماوەیەک لەمەوپێش فەرمانبەرێکی دادپزیشکیی کرماشان دوای بینینی وێنەکانی ئەمیر عەلی حەیدەری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بنەماڵەکەی ئاگادار کردبووەوە کە تەرمی ئەم منداڵە ١٧ ساڵەیە دوای چەند مانگ گلدانەوە لە ساردخانەکەی دادپزیشکیدا، وەکوو تەرمی بێناونیشان لە گۆڕستانی باغ فیردەوسی کرماشان ئەسپەردە کراوە. هاوکات هاووڵاتییەکی دیکەیش گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ساتی گیانبەختکردنی سرووش کەرەمی بۆ بنەماڵەکەی ناردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە هەواڵی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەیان ڕاست نییە و بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان گیانی بەخت کردووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، دوای ئاگاداربوونەوەی بنەماڵەی ئەو دوو گیانبەختکردووە، بە فەرمانی داواکاری گشتیی کرماشان هەردوو قەبرەکە هەڵدرانەوە و دوای ئەنجامدانی پشکنین و بینینەوەی پلاتینی ناو قاچی چەپی ئەمیرعەلی حەیدەری، دەر کەوت ئەو تەرمەی کە دوای چەند مانگ گلدانەوە لە ساردخانە وەکوو تەرمی بێناونیشان لە بەهەشتی موحەممەدیی کرماشان ئەسپەردە کرابوو، تەرمی ئەمیرعەلی حەیدەرییە. دوای ئەم بەدواداچوونە و دەرکەوتنی ڕاستییەکان، تەرمەکەی سرووش کەرەمییش ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

تەرمی ئەمیرعەلی حەیدەری لە گوندی سەراوڵەی کرماشان ئەسپەردەی خاک کرا و ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی سرووش کەرەمییش ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ (٢٩ی جولای) لە گوندی لەنجاوی سونقوڕ و کولیایی بەڕێوە چوو.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی سرووش کەرەمی لە گوندی لەنجاوی سونقوڕ و کولیایی، چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خۆپیشاندانەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دا (٨ و ٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) سەدان هاووڵاتیی کورد لە کرماشان بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان بەخت کرد. پێشتر لانیکەم دوو شایەتحاڵی مەیدانی کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی منداڵە ونبووەکانیان سەردانی دادپزیشکیی شاری کرماشانیان کردبوو، باسیان لە بینینی سەدان تەرم لەو ناوەندەدا کردبوو. بە وتەی ئەو شایەتحاڵانە، ئەو تەرمانەی ناسنامەیان دەر کەوتبوو لە هۆڵێکدا و تەرمە نەناسراوەکانیش لە هۆڵێکی جیاوازدا بوون و زۆربەشیان لەسەر عەرزی هۆڵەکە دانرابوون. ئەوەیشیان وتبوو کە کۆریدۆرەکانی دادپزیشکی پڕ بوون لە خوێن و زۆربەی تەرمەکانیش تەمەنیان کەمتر لە ٣٠ ساڵ بووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستە توانیویەتی ناسنامەی ٦٤ هاووڵاتی پشتڕاست بکاتەوە کە لە خۆپیشاندانەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا (٨ و ٩ی ژانڤییە) لە کرماشان گیانیان بەخت کردووە.