لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە جادەی بۆکان بۆ سایینقەڵا، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی سەیدئەحمەد ئیسماعیلی گیانی بەخت کرد و دوای تێپەڕینی پێنج ڕۆژ لەو ڕووداوە، تەرمەکەی هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە .
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٨ی جولایی ٢٠٢٦) سەیدئەحمەد ئیسماعیلی لە کاتێکدا بە ماتۆرسیکلێت لە بۆکانەوە بەرەو سایینقەڵا دەڕۆیشت، کەوتە بۆسەی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا و دەسڕێژی لێ کرا، لە ئەندامی دەسڕێژەکەیشدا هەر لەوێ گیانی بەخت کرد.
هێزەکانی سوپای پاسداران تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرباری تێپەڕینی پێنج ڕۆژ، ئامادە نیین تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە.
قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری ورمێیە و بەرپرسی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستاندا، لە بەیاننامەیەکدا وێنەی تەرمێکی بڵاو کردووەتەوە و بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامەی سەیدئەحمەد ئیسماعیلی، ڕایگەیاندووە کە ئەم هاووڵاتییە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و هێزەکانی ئەم قەرارگایەدا کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تەرمی بەشی هەرەزۆری ئەو ئەندامانەی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان کە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا کوژراون، براوەتە بەشێک لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ورمێ و لەوێ بە شێوەی نهێنی ئەسپەردە کراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەم مانگانەی دواییدا فەرمان دراوە بە هێزە ئەمنییەکان، لەوانە بە دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگاکانی حەمزەی سەیدولشوهەدا، بەیتولموقەدەس و نەبیی ئەکرەم لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان، هەرجۆرە جووڵەیەکی ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان یان لایەنگرەکانیان بینی، بەبێ گەڕانەوە بۆ مۆڵەتی دادوەری و یاسایی، هەر لەوێ دەسڕێژیان لێ بکرێت و بکوژرێن.