ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی پوویا نادری، زیندانیی سیاسیی پێشووی یارسان و موحەممەدڕەزا موحەممەدی بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیس لە گەڕەکەکانی دەرەدرێژ و جەعفەرئاوای ئەم شارە کوژران.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) پوویا نادری، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی ڕاپەڕینی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (نۆڤامبەری ٢٠١٩)، لە تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەگەڵ هێزی ئینتیزامیدا لە ڕێگای گەڕەکی دەرەدرێژ بەرەو گەڕەکی جەلالیەی کرماشان کەوتە بەر دەسڕێژ و گیانی لە دەست دا. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری ئەم تێکهەڵچوونە چەکدارییە بەردەست نەکەوتووە.
پوویا نادری، هاووڵاتیی کوردی یارسانی دانیشتووی گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشان، پێشتر و لە کاتی ڕاپەڕینەکەی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبەری ٢٠١٩) لەگەڵ دوو برای دیکەی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند مانگێک لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لە دەستبەسەرگەی مەیدانی نەفتی ئەم دەزگا ئەمنییە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
هاوکات هەمان ئەو هێزانە لە گەڕەکی جەعفەرئاوای کرماشان دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا موحەممەدڕەزا موحەممەدی کوژراوە و هاوڕێکەیشی بە سەختی بریندار بووە.
شایەتحاڵێکی مەیدانی لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «هێزەکانی کەلانتەریی جەعفەرئاوا و سەجادییە دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە لە لای ئاریاشارەوە بەرەو جەعفەرئاوا دەڕۆیشت و لە ئەنجامدا موحەممەدڕەزا موحەممەدی دەسبەجێ گیانی لە دەست دا و هاووڵاتییەکی تر بە سەختی بریندار بوو. دوای چەند دەقەیەک، هاووڵاتییە بریندارەکە لە لایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانەوە گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار».

