تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی پیرانشار

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عەلی ئوسلووب بە دەسڕێژی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە پیرانشار کوژرا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/killings-of-civilians-ku/2026/09/21/p50187

عەلی ئوسلووب، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، لە کاتێکدا بە ماتۆرسیکلێت لە نزیک گوندی «جڵدیان»ی ئەم شارەوە تێ دەپەڕی، کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و کوژرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئێوارەی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥ (١٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٦) ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی «کێلەسیپان»ی پیرانشار بە ماتۆرسیکلێت لە جادەیەکی نزیک گوندی «جڵدیان»ـەوە دەڕۆات و لە ناکاو دەکەوێتە بۆسەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە. ئەم هێزانە بە چەند جۆر چەکی وەک دۆشکە و کڵاشینکۆف دەسڕێژی لێ دەکات.

لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا چەندین گوللە بەر ئەم هاووڵاتییە دەکەوێت و دەسبەجێ گیانی بەخت دەکات، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتیش دەست بەسەر تەرمەکەیدا دەگرن و دەیبەن.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە دوای ئاگاداربوونەوە لە ڕووداوەکە سەردانی فەرمانگەی داد (دادگوستەری) و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاریان کردووە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، داواکاری گشتیی پیرانشار کوژرانی ئەم هاووڵاتییەی پشتڕاست کردووەتەوە و بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تەرمەکەی لای دامودەزگا ئەمنییەکانە و ڕادەستیان ناکرێتەوە.

سێ ڕۆژ دوای کوژرانی عەلی ئوسلووب، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥دا (٢٠ی اێپتامبەری ٢٠٢٦) بەیاننامەیەکی دەر کرد و بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامەکەی، ئەم هاووڵاتییەی وەکوو «ئەندامی چالاک»ی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە قەڵەم دابوو. ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانیش وێنەی تەرمەکەیان بڵاو کردووەتەوە.