دوایین ڕەوشی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان: لانیکەم ۳٠ خۆپیشاندەر کوژراون، زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی برینداربوون و سەدان کەسی دیکە دەستبەسەرکراون
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/2019/11/19/p22787
لە ڕۆژی شەممەوە هاوکات بە دەستپێکردنی شەپۆلی ناڕەزاییەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی نڕخی بەنزین لە ئێران، لە شارەکانی ئیلام، دێهلۆران، شاباد، سەرپێڵ زەهاو، کرماشان، جوانڕۆ، سنە، مەریوان، سەقز و بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چەندین خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
ئەو خۆپیشاندانانە بەشێوەی هێمنانە و ئاشتیخوازانە دەستیان پێکرد، بەڵام پاش هێرش و پەلاماری یەکە تایبەتەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خۆپیشاندەران بەرەوە توندوتیژی پاڵ پێوەنران. هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ئێوارەی ڕۆژی شەممەوە تا ئێستا لە شارەکانی کرماشان، سنە، مەریوان، جوانڕۆ و بۆکان خۆپیشاندەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئانجامدا لانیکەم ٣٠ هاوڵاتی کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
عەدنان حەسەن پوور، ڕۆژنامەنووسی دانیشتووی شاری مەریوان ڕۆژی ڕابردوو لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی، کە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکانی هاوڵاتیان ڕووبەڕوی بەرپەرچی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان بووەوە و لە ڕۆژەکانی شەممە و یەکشەممەدا لانیکە ٧ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی دیکە برینداربوون. ناوبراو هەروەها ئاشکرایکرد کە لە شاری سنەش خۆپیشاندەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
سەرچاوەکان لە شاری مەریوانەوە ناسنامەی چاور لە کوژراوانیان بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە: “عوسمان نادری”، مێهران تاک”، “بێهروز مەلێکی” و “دانیال ئۆستەواری”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو و ئەمڕۆ بازاڕی شارەکانی مەریوان و جوانڕۆ داخراون و هەموو شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارانە لە ژێر کۆنتڕۆلی یەکە تایبەتەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکاندا بووە. هەروەها خوێندنگاکانی ئەو شارانە وەک زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران بەپێی بڕیاری دەوڵەت داخراون.
بە وتەی سەرچاوەیەک لە شاری جوانڕۆوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٦ خۆپیشاندەر لەو شارە کوژراون و زیاتر لە ٢٥ هاوڵاتی دیکە بریندار بوون. ناسنامەی ٥ کەس لە کوژراوانی جوانڕۆ بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: “موبین عەبدوڵـلاهی”، “کاوە محەمەدی”، “ئیبراهیم مورادی” و”جەبار تجارە”. بنەماڵەکانی محەمەدی و تجارە ئەمڕۆ توانیان تەرمی ڕۆڵەکانیان وەربگرنەوە و لە گۆڕستانی شارەکەدا بە خاکیان بسپێرن.
سەرچاوەکان لە کرماشان و سنەشەوە باش لە داخرانی بەشێکی زۆری ئەو شارانە بەتایبەتی شەقامە سەرەکییەکانیان دەکەن. یەکە تایبەتەکانی پۆلیس لە مەیدانی ئازادیی ئەو دوو شارە جێگیرکراون و خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژی ڕابردووە زیاتر لە گەڕەکە پەراوێزەکانی ئەو شارانە بەڕێوەچوون. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە گەڕەکەکانی جەعفەرئاوا، دەوڵەت ئاوا و ئیلاهییەی کرماشان و گەڕەکەکانی نزیک بە گەراجی سنە و هەروەها گەڕەکەکانی عەباس ئاوا و شەریف ئاوا گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەنجامدراوە.
شایەتحاڵێک لە نەخۆشخانەی “ئیمام ڕەزا”ی کرماشانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت، کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا تەرمی ١٦ خۆپیشاندەر تەنیا بۆ ئەو نەخۆشخانەیە بەڕێکراون. هەندێک لەو هاوڵاتیانە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بەرەو سەریان کوژراون. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە نزیکەی ١٠٠ بریندرایش بۆ ئەم نەخۆشخانەیە بەڕێکراون.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو لە چەندین شەقامی سەرەکیی شاری بۆکان گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەنجامدرا کە ڕووبەڕووی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بووەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو هێزانە ڕاستەوخۆ خەڵکیان بە ئامانج گرتووە و تەقەیان لێکردوون بەڵام تا ئێستا ئامارێکی پشتڕاستکراوە لە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لەو شارەوە بە دەست نەگەیشتووە.
هەروەها سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە مەریوانەوە باسی لە ئامادەبوونی بەرفراوانی یەکە تایبەتەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە شەقامەکانی ئەو شارە کرد و گوتی کە ئەمڕۆ لە شارۆچکەکانی کانی دینار و قەڵاجێی سەربە مەریوان خۆپیشاندان بەڕێوەچووە.
بەهۆی بڕانی هێلە ئینەرنەتییەکان و هەبوونی کەشی ئەمنی لەو شارانەدا هێشتا ئاماری پشتڕاستکراوەی کوژراوان و بریندارانی خۆپیشاندانەکان لە بەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی بەدوواداچوونەکانی تۆڕی مافەکانی کوردستان تا ئێستا، لانیکەم ٣٠ هاوڵاتی لە شارەکانی مەریوان، سنە، کرماشان و جوانڕۆ لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە سەربازی و ئەمنییەکاندا کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون. ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانە بۆ نەخۆشخانەکان گوازراونەتەوە، بەڵام لەبارەی دوایین ڕەوشی بریندارەکاندا هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. دەگوترێت ژمارەیەک لە برینداران لە شاری مەریوان لە ترسی دەستبەسەرکران نەچوون بۆ نەخۆشخانە و هەر لە ماڵی هاوڵاتیاندا چارەسەریی برینەکانیان کراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە ڕەچاوکردنی بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەکان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا گریمانە دەکات کە تا ئێستا سەدان هاوڵاتی لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سەرپێڵ زەهاو، جوانڕۆ، سنە، مەریوان و بۆکان دەستبەسەرکرابن.
بابەتی پەیوەندیدار
-
ئارام فەتحی، چالاکوانی مەدەنی لە مەریوان دەستبەسەرکرا
-
دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی خۆی برینداربوون
-
دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار و مەریوان برینداربوون
-
بەفر گەمارۆی سەدان گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داوە و حکومەتیش بە هانای خەڵکەوە ناچێت
-
ڕەحیم مەحمودی ئازەر لە بەندیخانەی ورمێ دەستی دایە مانگرتن لە خواردن
-
ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کۆتۆلی خۆی