سه‌رله‌ به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٣ی خاكه‌لێوه‌ (١٢ی ئاوریل)، حوكمی ئێعدامی ئه‌رسه‌لان مورادی، به‌ندكراویی خه‌ڵكی دیوانده‌ره‌ كه‌ پێشتر به‌ تۆمه‌تی “گواستنه‌وه‌ی ماده‌ سڕكه‌ره‌كان”، سزای ئێعدامی به‌ سه‌ردا سه‌پا بوو، له‌ زیندانی بیرجه‌ند جێبه‌جێكرا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ دۆسیه‌ی ئه‌م به‌ندكراوه‌ به‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: ئه‌رسه‌لان مورادی شۆفیری ئه‌تۆمبیلی بارهه‌ڵگر بوو و نزیكه‌ی سێ ساڵ پێش، به‌ تۆمه‌تی گواستنه‌وه‌ی ماده‌ سڕكه‌ره‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، ناوبراو ئاگاداری ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ماده‌ی سڕكه‌ر، له‌ ناو ئۆتۆمبیله‌كه‌ی شاردراوه‌ته‌وه‌ و به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ش پێداگری له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كردبوو‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگادار نه‌بووه‌، به‌ڵام دادگا به‌ بێ سه‌رنجدان به‌و قسانه‌، سزای ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پاند.
به‌ حیسابكردنی ئه‌م ئێعدامه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا هه‌نووكه‌ لانیكه‌م پێنج هاووڵاتی كورد به‌ تۆمه‌تی پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ماده‌ سڕكه‌ره‌كاندا له‌ زیندانه‌كانی ورمێ و بیرجه‌ند ئێعدام كراون.