تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌، له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی كورد به‌ ناوه‌كانی سه‌ید محه‌ممه‌د حوسێنی و محه‌ممه‌د مورادی له‌ دوو دوسیه‌ی جیاوازدا له‌ لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی مه‌هاباددا به‌ سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌ر جه‌واد غۆڵامی به‌ تۆمه‌تی «موحاربه‌»دادگایی كراون. تۆمه‌تی «موحاربه»‌ له‌ یاساكانی سزای كۆماری ئیسلامی ئێراندا ده‌توانێ ببێته‌ هۆی سه‌پاندنی سزای ئێعدام.

سه‌ید محه‌ممه‌د حوسێنی، خه‌ڵكی نه‌غه‌ده‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی ١٣٩٦دا دوای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران جیا ئه‌بێته‌وه‌، له‌ لایه‌ن سپای پاسدارانه‌وه‌ ئه‌مان نامه‌ وه‌رده‌گڕی و هه‌رێمی كوردستان جێده‌هێڵی و ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئێران، به‌لام دوای ماوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێ و له‌و كاته‌وه‌ تاكوو ئێستا به‌ بێ هیچ حوكمێكی قه‌زایی، سه‌ره‌تا له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و دواتر له‌ زیندانی نه‌غه‌ده‌دا ڕاگیراوه‌.

محه‌ممه‌د مورادی، خه‌ڵكیی گوندی قه‌بر حسێن ی پیرانشاره‌ كه‌ له‌ مانگی گوڵانی ١٣٩٧دا دوای هاوئاهه‌نگی كردنی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵ ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وه‌رگرتنی ئه‌مان نامه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئێران، به‌ڵام له‌ كاتی هاتنه‌وه‌ی بۆ ئێران له‌ ڕێگای سنووری “کێله”ی سه‌رده‌شته‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌رو ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران له‌ ورمێ كراوه‌.

ئه‌م هاووڵاتییه‌ كورده‌ ماوه‌ی ٤٥ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م ڕێكخراوه‌ ئه‌منیه‌تییه‌دا بووه‌ بۆ وه‌رگرتنی دانپێدانانی زۆره‌ ملێ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ندامبوونی له‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران به‌ مه‌به‌ستیی چالاكی چه‌كدارانه‌، كه‌وته‌ ژێر ئاسته‌مترین ئه‌شكه‌نجه‌ و دواتر ڕه‌وانه‌ی زیندانی نه‌غه‌ده‌ كرا.

یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كانی ناوبراو له‌ خه‌رمانانی ساڵی ڕابردوودا به‌ بێ ئاماده‌ بوونی پارێزه‌ره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ چووبوو، له‌م كۆبوونه‌وه‌ی دادگادا تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون له‌ گرووپه‌كانی دژ به‌ ده‌سه‌ڵات و ڕۆ‌شتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نایاسایی له‌ ئێران ،ڕووبه‌ڕوو كرایه‌وه‌، ناوبراو كۆبوونه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ خراونه‌ته‌ پاڵی ڕه‌دكرده‌وه‌ و چه‌ندین جار ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م تۆمه‌تانه‌ له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا لێی وه‌رگیراوه‌ و زۆره‌ ملێ بووه‌ و دانپێدانانه‌كه‌ی خۆی نه‌خوێندوه‌ته‌وه‌ و واژووی كردوه‌. ‌

پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی محه‌ممه‌د مورادی به‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وتبوو: دادوه‌ر جه‌واد غوڵامی دوو جار له‌ زیندانی نه‌غه‌ده‌دا چاوی كه‌وتووه‌ به‌ محه‌ممه‌د مورادی وداوای هاوكاریكردن له‌ گه‌ڵ سپای پاسداران دژی حیزبه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ كورده‌كان و قه‌بووڵكردنی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ خراونه‌ته‌ پاڵی له‌ لایه‌ن ئه‌م ڕێكخراوه‌ ئه‌منییه‌تی، نیزامییه‌وه‌ لێكردوه‌، كه‌ گوایه‌ ئه‌بێته‌ هۆی كۆتاییهاتنی نادیاربوونی چاره‌نووسی، به‌ڵام ناوبراو ئاماده‌ی هاوكاریكردن نه‌بووه‌.