تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی گوڵان (١٧ی مه‌ی)، به‌ندكراوی سیاسیی كورد فه‌رهاد نوری، دوای ڕاگه‌یاندنی لێبوردنی ده‌زگای دادوه‌ریی به‌ بۆنه‌ی جێژنی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ له‌ زیندانی ناوه‌ندیی ورمێ ئازاد كراوه‌.

ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ١٣ی گوڵاندا (٣ی مه‌ی)، مۆڵه‌تی كاتیی ڕۆشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پێدراو ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٣ی گوڵان(١٣ی مه‌ی)، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ زیندان. 

فه‌رهاد نوری له‌ گه‌ڵ سێ هاووڵاتی دیكه‌ی خه‌ڵكی گوندی “ئه‌نبێ”ی ورمێدا به‌ ناوه‌كانی سه‌فه‌ر نووری، په‌رویز نووری عه‌لی عه‌زیزی له‌ ڕێكه‌وتی ٢٤ی گه‌لاوێژی ١٣٨٩دا (١٥ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، به‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاتی ورمێ‌ ده‌ستبه‌سه‌ركران. ئه‌م چوار هاووڵاتییه‌ كورده‌ دوای ٢٨ ڕۆژ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای ورمێوه‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ زیندانی ئه‌م شاره‌ كران و له‌ پاییزی هه‌مان ساڵدا به‌ دانانی بارمته‌ی ٥٠٠ میلیۆن تمه‌نی ئازاد كران. 

كۆبوونه‌وه‌ی دادگاییكردنی ئه‌م چوار هاووڵاتییه‌ له‌ خه‌رمانانی ١٣٩٩دا (سێپته‌مبه‌ری٢٠٢٠)، له‌ لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ به‌ڕێوه‌ چوو و دواتر تۆمەتەکە لەسەر په‌رویز نووری لاچوو و فه‌رهاد نووری، سه‌فه‌ر نووری و عه‌لی عه‌زیزی به‌ تۆمه‌تی «چالاکیی دژی ئاسایسی نه‌ته‌وه‌یی» له‌ ڕێگای ئه‌ندامبوونەوە له‌ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ كوردییه‌كاندا، هه‌ر كامەو سزای پێج ساڵ بەندکرانیان به‌سه‌ردا سه‌پا. دوای ئەوەی ناوبراوان تانەیان له‌ بڕیارەکەی دادگا دا، دۆسیه‌كانیان نێردرایه‌ لقی ١٣ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ورمێ و حوكمی دووانیان گۆرا بۆ ساڵێک بەندکران و عه‌لی عه‌زیزیش بە یەکجاری تۆمەتەکەی لەسەر لاچوو.

ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی زستانی ساڵی ڕابردوودا به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی سزاكه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی زیندان كرابوو.