بەرزان محەممەدی گواسترایەوە بۆ زیندان
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/2021/06/11/p23122
زیندانیی سیاسیی پێشوو بەرزان محەممەدی دوای ڕۆژێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای سەوڵاوای پارێزگای کوردستان، گواسترایەوە بۆ زیندانی مەریوان.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە کە لە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەرداندا لە گوندی «گۆشخانی»ی سەوڵاوا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای سەوڵاواوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردان بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی گشتیی مەریوان.
دەوترێت ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردن بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە شاری سەوڵاوا کرابوو.
بەرزان محەممەدی، هاووڵاتیی ٤١ ساڵەی خەڵکی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان و دانیشتووی تاران، ڕۆژی ١١ی گەلاوێژی ١٣٩٧ لە خۆپیشاندانێکدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دۆخی ئابووریدا، لە چوارڕیانی وەلیعەسری تاران بە دەستی هێزێکی جلوبەرگ مەدەنی دەستگیر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی تاراندا لێپرسینەوەی لێ کرا و پاشان ڕەوانەی زیندانی فەشافوویەی تاران کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕەزبەری ١٣٩٧دا لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «بانگەشەی دژی حکوومەت» حوکمی ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدانی پارێزەرەکەی ڕەوانەی بەردەم دادگای پیاچوونەوەی تاران کرا و لە مانگی ڕێبەنداندا کەم کرایەوە بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ.
ئەم زیندانییە سیاسییە دوای پەسەندکرانی حوکمەکەی، لەگەڵ عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی گواسترانەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە کە لەبەر جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانکاران بە گوێرەی جۆری تاوانەکە، هەردووکیان مانیان لە خواردن گرت. عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٨دا لەو زیندانە بە دەستی دوو زیندانیی دیکە کوژرا و بەرزان محەممەدی وەک شایەتحاڵی قەتڵەکە نامەیەکی سەرئاوەڵای سەبارەت بەم بابەتە بڵاو کردەوە.
ناوبراو لە جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا لە زیندان ئازاد کرا.
بابەتی پەیوەندیدار
-
چوار هاووڵاتی به دانانی بارمته ئازاد كران
-
ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنی، دەستبەسەر کرا
-
هەردوو چالاکی مەدەنیی کورد، ئارام فەتحی و سورەییا حەقدووست هێشتا دەستبەسەرن
-
لە شەڕێکی قورسی نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و پژاکدا ئەندامێکی ئەم حیزبە بە برینداری دەستگیر کراوە
-
مانگرتن و گردبوونەوەی مامۆستایانی مەریوان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخادا
-
شەعبان محەممەدی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کرا