ژنە پەناخوازێکی کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی مونیرە حەیدەری بە هۆی هەڵگەڕانەوەی بەلەمی هەڵگری ژمارەیەک پەناخواز لە دەریای ناوەڕاست (نزیک دوورگەی کێرتی یۆنان) لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە پەناخوازانی ناو بەلەمەکە خنکاوە.

ئەم بەلەمە کە زۆربەی سەرنیشانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، لە بەرواری ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ لە نزیک دوورگەی کێرتی یۆنان کەوتۆتە ژێر ئاو. ئەگەرچی زۆربەی سەرنشینەکان ڕزگار کراون بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ٤ ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نزیکەی ١٧ کەسیان بەردەست نەکەوتووە.

یەک لەم ونبووانە مونیرە حەیدەرییە کە ژنێکی ٣٤ ساڵانی خەڵکی کرماشانە. ئەم ژنە پەناخوازە نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لەمەوپێش ئێرانی بەرەو تورکیا بەجێ هێشت و دەیویست لەو ڕێگە قاچاخەوە کە پەناخوازان بە ناچار دەبێ بۆ گەیشتن بە ئەورووپا بە شێوەی «نایاسایی» پێیدا بپەڕنەوە، خۆی بگەیەنێتە وڵاتی بریتانیا.

مونیرە حەیدەری کە بە ئەسڵ خەڵکی گوندی زەردۆیی پاوەیە، لە چەندین ساڵ لەمەوپێشەوە دانیشتووی شاری کرماشان بوو و ماستەری بەڕێوەبەریی بازرگانیی لە زانکۆی هەمەدان تەواو کردبوو.

زۆربەی پەناخوازان لە وڵاتانی ئێران، ئەفگانستان، ئێراق، سووریا و… کە لەبەر هۆکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و … لە وڵاتی خۆیان مەترسییان لەسەر بووە و بە هیوای ژیانێکی باشتر و ئەمن ناچار بوون وڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن، ئێستا لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی وەک یۆنان و تورکیا ئاوارە و سەرگەردانن. بەشێکی زۆر لەم کەسانە هیچ هیوایەکیان بە یارمەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گوازرانەوە بۆ وڵاتی سێهەم نەماوە و هەر بۆیە بە ناچار بۆ گەیشتن بە وڵاتێکی ئەورووپایی دەبێ بە تێچوویەکی زۆر ڕێگا مەترسیدارە «نایاسایی»یەکان بگرنە بەر کە دەشێت دواجار لەو ڕێگایانەدا گیانیان لەدەست بدەن.