مادێح فەتحی، چالاکی مەدەنیی کورد و ئەندامی پێشووی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژ دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئەم چالاکە مەدەنییە سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکران لە یەکەم پێوەندیی کورتی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، ڕایگەیاندووە کە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دەستبەسەرکردنی نایاسایی خۆیدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە مانی لە خواردن گرتووە. مادێح فەتحی لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت، لێپرسینەوە و دەستبەسەر کراوە.
دواهەم جار لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٩ و لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە ٢٥ی ڕەزبەردا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو هەروەها لە گوڵانی ١٣٩٨یشدا بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» حوکمی ساڵێک زیندان و ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی تری بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لەبەر قبووڵکردنی لە لایەن ناوبراوەوە، بەپێی یاسای تەسلیمبوون بە حوکم کەم کرایەوە بۆ ٧ مانگ زیندان.
هەروەها سەحەر کازمی، چالاکی ژینگەپارێز و هاوژینی مادێح فەتحی، لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا دوای تێپەڕاندنی ٢٠ مانگ زیندان لە زیندان ئازاد کرابوو. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دۆخی دژواری دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا خرایە ژێر لێپرسینەوە. ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە ڕێبەندانی ١٣٩٧دا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» دادگایی کرا و حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا کەم کرایەوە بۆ ٢٠ ساڵ زیندان.