داواکاریی پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری بۆ دۆسیەی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام حەیدەر قوربانی، لە لایەن سەرۆکی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە ڕەت کراوەتەوە. دوابەدوای ئەمەش دۆسیەکە ڕەوانەی بەردەم داواکاری گشتیی شاری کامێران کراوە و ئێستا مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی کتوپڕی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ئارادایە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حەیدەر قوربانی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دوابەدوای بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی قوربانی لە دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان، دواجار پێیان وتراوە کە داواکاریی پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری بۆ دۆسیەکەی ئەم زیندانیە سیاسییە ڕەت کراوەتەوە و دۆسیەکە بۆ جێبەجێکردنی حوکم ڕەوانەی بەردەم داواکاری گشتیی شاری کامێران کراوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئێستا کە داوای دادگاییکردنەوەی دووبارە ڕەت کراوەتەوە نیگەرانییەکان لە ئاست مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانیدا تەشەنەی سەندووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە بەتەمایە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەبارەت بە دادگاییکردنەوەی دووبارەی ناوبراو نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی نوێی دەزگای دادوەری بکات. هەروەها ژمارەیەک لە زانایانی ئایینیی سوننە لە دووتوێی نامەیەکی نوێدا بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، داوای بەخشینی ئەم زیندانییە سیاسییەیان کردووە.
ساڵح نیکبەخت لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩دا بە هەواڵنێریی ئیلنای ڕاگەیاندبوو: «دوابەدوای داواکاریی ٥٠ کەس لە زانایان و بەرنوێژانی کوردستان و هەروەها داواکارییەکەی من و پارێزوانەکەم (حەیدەر قوربانی) بۆ پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، خۆشبەختانە ئەم داواکارییە لە تارانەوە نێردراوەتەوە بۆ دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان و دەبێ سەرۆکی دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان لەم داوایە بکۆڵێتەوە».
ئەم پارێزەرە یاساییە هەروەها سەبارەت بە حوکمەکەی حەیدەر قوربانی وتبووی: «حەیدەر قوربانی جیا لەوەی بە تۆمەتی هاوکاریکردن لە کوشتندا حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە، بە تۆمەتی بەغییش حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە؛ لە حاڵێکدا کە لە ڕوانگەی زانایانی ئیسلامییەوە بابەتەکە بە جۆرێکی ترە: بە ئاستی یەکەم دەبێ ناوبراو ئەندامی گرووپێکی باغی بێت، بە ئاستی دووهەمیش دەبێ چەکی بەکار هێنابێت، لە حاڵێکدا کە ناوبراو نە تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبە کوردییەکانی قبووڵ کردووە و نە بۆ خۆی دەستی بردۆتە چەک. هەر بۆیە تۆمەتی بەغی شموولی ئەو ناکات. لە ڕوانگەی ئەو دادگایەوە کە حەکمەکەی دەر کردووە (لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە) ناوبراو چونکوو هاوکاریی لە تۆمەتی کوشتندا کردووە، بە کردەوە تووشی تۆمەتی بەغییش بووە. تەنانەت ئەگەر بەو پێیەی کە باوکی ئەندامی حیزبک بووە بوترێت تۆمەتی بەغی شموولی دەکات، ئەمەش ڕاست نییە، چونکوو بەپێی ڕێسای «دراء»، تۆمەتەکە ئەو کەسە دەگرێتەوە کە بۆ خۆی لە کارێکی تۆمەتکارانەدا بەشداریی کردبێت و ئەگەر ئەمە گومانی لەسەر بێت، واتە بەڵگەی شەرعی یان دانپیانانی تۆمەتبار بوونی نەبێت، تۆمەتەکە هیچ کەس ناگرێتەوە و بەپێی فتوای فەقیهانی ئیمامییە ئەم شتە لە تۆمەتگەلی «قیاس، تەمسیل و هاوشێوەسازی»دا قەدەغەیە».
حەیدەر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ڕەزبەری ١٣٩٦دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ئیدارەی ئاگاهیی ئەم شارە خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە تاکوو بە زۆر دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.
لە ڕەشەمەی ١٣٩٦دا دانپیانانە زۆرەملێکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کەناڵی پرێس تیڤییەوە و لە ژێر ناوی «شۆفیری مەرگ»دا بڵاو کرایەوە. ناوبراو لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی سنەوە بە گشتی حوکمی ٩٠ ساڵ زیندان و ٢٠٠ قامچیی بۆ بڕایەوە.
لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا دۆسیەکەی تری ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا کەوتە بەر لێکۆڵینەوە و لە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ لە زیندانی ناوەندیی سنە پێی ڕاگەیەنرا کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا ئەم حوکمە لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و مانگێک دواتر داواکارییەکەیشی بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە ڕەت کرایەوە. حەیدەر قوربانی ئێستا لە بەندی سیاسیی زیندانی ناوەندیی سنەدایە.