تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

هه‌واڵه‌کان ورمێ

نیگەرانی لە ئاست دۆخی تەندروستیی دوو زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی مانگرتووی کورددا لە زیندانەکانی ورمێ و یەزد

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/2021/08/15/p10809

ئیرەج سۆفی محەممەد و قادر محەممەدزادە، دوو زیندانیی سیاسی و مەزهەبی لە زیندانەکانی ورمێ و یەزد، لە پازدەهەم ڕۆژی مانگرتنی ناڕەزاییانەی خۆیاندان، دەوترێت ئەم دوو زیندانییە مانگرتووە لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیرەج سۆفی محەممەد کە زیندانییەکی مەزهەبییە و دوابەدوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژدا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە، ڕۆژی ڕابردوو دۆخی تەندروستیی تێک چووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ناوبراو خۆی بواردووە لە وەرگرتنی سێرۆم و دیسانەوە بە دەستووری بەرپرسانی زیندان گەڕێنراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.
ئەم زیندانییە مەزهەبییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر نەگواستنەوەیدا بۆ شوێنی ژیانی بنەماڵەکەی لە مەهاباد مانی لە خواردن گرتووە.
هەروەها زیندانیی سیاسیی کورد قادر محەممەدزادە کە شازدەهەم ساڵی بەندبوونی تێدەپەڕێنێت، سەرەڕای ئەوەی بارمتەی پێویستی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوەی کاتی یان مورەخەسی داناوە، بەڵام لەم مافە بێبەش کراوە، هەر بۆیە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ئەم بابەتەدا لە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژەوە مانی لە خواردن گرتووە. دەوترێت ئەم دوو زیندانییە مانگرتووە لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدان.
بەرپرسانی زیندانەکانی ورمێ و یەزد تا ئێستا هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ داواکارییەکانی ئەم دوو زیندانییە مانگرتووە نەکردووە.
ئیرەج سۆفی محەممەد، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ هەر لەم شارە بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە بەرواری ٢٧ی گوڵانی ١٣٩٩ لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی «چالاکیی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکاندا، حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە. ئەم حوکمی دوای پەسەندکرانی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای زیندان، کەم کرایەوە بۆ ١٠ ساڵ زیندان.
ئاغای سۆفی محەممەد پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٦یشدا لە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە هەر بەم تۆمەتە حوکمی ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی زیندانەکەی لە ساڵی ١٣٩٧دا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.
قادر محەممەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٨٤دا لەگەڵ محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» و «کوشتنی ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی ئێران» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم دوو زیندانییە سیاسییە دوای چەند مانگ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی مەهاباد و ورمێ ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران و دوای ١٥ مانگ نادیاربوونی چارەنووس، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی «موحارەبە» دادگایی کران.
لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد قادر محەممەدزادەی مەحکووم کرد بە ١٨ ساڵ زیندان لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی «یەزد» و سزای ١٨ ساڵ زیندان لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی «تەبەس»یشی بەسەر محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهیدا سەپاند. دواتر ئەم حوکمانە وەک خۆیان لە دادگای پیاچوونەوەی ورمێدا پەسەند کرانەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە لایەن دادگای کەیفەریی مەهابادەوە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی قەساس و ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، شەم حوکمە دوای تانەلێدان لە ساڵی ٩٢دا لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشێنرایەوە و گۆڕدرا بۆ پێدانی دیە.
قادر محەممەدزادە، لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٩ لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی «پێوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵاتدا» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشەوە دیسان حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپا.