تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندان هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئیلام چوونەتە سەر ماڵی محەممەد مورادی نەساری، نووسەر، وەرگێڕ و بەرپرسی ناوەندی کولتووری و چاپەمەنیی «باشوور» لە شاری ئەیوانی ئیلام و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیی وەکوو مۆبایل، کۆمپیتەر و…دا.
هاوکات هێزەکانی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە چوونەتە سەر نووسینگەی چاپەمەنیی «باشوور» لە ئیلام و بەبێ حوکمی یاسایی و باسکردنی هۆکارەکە، شوێنەکەیان پشکنیوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم ڕۆژانەی دواییدا ژمارەیەکی تر لە نووسەران و شاعیرانی کورد لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لێ کراوە.
چاپەمەنیی باشوور ساڵی ١٣٩٧ لە لایەن محەممەد مورادی نەسارییەوە لە ئیلام دامەزراوە و تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ کتێبی بە زمانی کوردی لە بواری ئەدەبیاتدا بڵاو کردۆتەوە و یەک لە چاپەمەنییە ناسراوەکانی کوردستانی ئێرانە.
هەروەها هەموو ساڵ لە لایەن ئەم چاپەمەنییەوە خەڵاتێک لەژێر ناوی «باشوور»دا پێشکەشی سیما ناسراوەکانی بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەکرێت. بەرپرسانی ئەم دەزگا چاپەمەنییە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر گوشاری دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بوون و ساڵی ١٣٩٨یش جارێکی تر هێزە ئەمنییەکان نووسینگەی ئەم چاپەمەنییەیان پشکنیبوو.