تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردان (٦ی ژوەن) ئۆتۆمبێلی زیندانییەکی سیاسیی پێشووی کورد و لە ئەندامانی سازمانی (ڕێکخراوەی) خەباتی کوردستان بە ناوی ئەکبەر سەنجابی، لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان تەقیوەتەوە و ناوبراو بریندار بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوە، قاچی چەپی ئەم چالاکە سیاسییە بە قورسی بریندار بووە و ناوبراو ڕەوانەی ناوەندی فریاکەوتنی پزیشکیی شاری هەولێر کراوە.

ئەکبەر سەنجابی هەروەها لە زیندانییانی سیاسیی پێشووی کوردە کە پێشتر بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە ڕێکخراوەی موجاهیدینی خەلقدا» حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو چەند ساڵ پێش و دوابەدوای وەرگرتنی مۆڵەتی پشووی کاتی، ئێرانی بەجێ هێشت و لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوو.

لە ساڵی ١٤٠٠دا (٢٠٢١) دوو چالاکی سیاسیی ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان (حەدەک) بە ناوەکانی بێهرووز (ڕێبین) ڕەحیمی و مووسا باباخانی لە شارەکانی سلێمانی و هەولێری هەرێمی کوردستانی ئێراق بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی وڵات تیرۆر کران. هەرچەند کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو هەموو حاڵەتە هاوشێوەکانی تر بەرپرسایەتیی هیچکام لەم کوشتنە سیاسییانەی نەگرتۆتە ئەستۆ، بەڵام حیزبەکانی ئەم کەسانە حکوومەتی ئێرانیان بە بەرپرسیاری ئەو تیرۆرانە لە قەڵەم داوە.