بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەوسەر (مەهبانوو) خوشنوودی‌کیا، وەرزشکاری خەڵکی کرماشان کە لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز (٩ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە بلواری تاقەوسانی کرماشان کەوتبووە بەر دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی تایبەت و چاوی بریندار ببوو، سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەری، بینایی چاوی چەپی خۆی لەدەست داوە.

مەهبانوو خوشنوودی‌کیا، ئەندامی تیپی نیشتمانیی کامپۆندی ژنانی ئێران و پاڵەوانی دووهەمی کێبڕکێکانی تیروکەوانی ئاسیایە لە ساڵی ١٤٠٠دا (٢٠٢١) کە توانیبووی مەدالیای زیوی ئاسیا بەدەست بهێنێت.

لە ڕەوتی سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکانی خەڵکی ئێراندا هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەکی ساچمەزەن دەسڕێژی ڕاستەوخۆیان لە چاوی سەدان هاووڵاتیی ڕاپەڕیو کردووە کە بووەتە هۆی لەدەستدانی بینایی چاوی ئەم هاووڵاتییانە.