ڕۆژی ڕابردوو موسلیم جەعفەریی ڕەمشتی، هونەرمەند و چالاکی سیاسیی پێشووی کورد کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵدا (١١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە یەکێک لە گوندە سنوورییەکانی شاری خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورسی ٨ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هونەرمەندە کوردە ڕۆژی ڕابردوو ٣ی ڕەشەمە (٢٣ی فێبرییە) دوای ٥ مانگ و ١٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون ئازاد کراوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ (١١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە کاتێکدا کە بە مەبەستی کۆچکردن بۆ ئەورووپا لە هەرێمی کوردستانەوە چووبووە ناو خاکی ئێران، لە گوندی «ترسئاوا»ی شاری خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ٢٠٩ی ئێڤینی تاران. ئەم ئەندامە پێشووەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ بەشداریی شەڕی داعشی کردووە، دەستی ڕاستی بە هۆی تەقینەوەیەکەوە پەڕیوە.

موسلیم جەعفەریی ڕەمشتی ساڵی ٢٠١٧ لەم حیزبە جیا بووەیەوە و لەو کاتەوە هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسیی ئەنجام نەدابوو و تەنها سەرقاڵی کاری هونەری بوو. ناوبراو لە سەرماوەزی ١٤٠٠دا (دێسامبری ٢٠٢١) دوای دەورگێڕان لە فیلمی «زەوییە چەپەڵەکان»دا کە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایش کرا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری وەرگرت.

ئەم هونەرمەندە دوای دەستبەسەربوون لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کرابوو و تەنها لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) دوای دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تاران کرابوو و ئەوەش یەکەم جار بوو کە لەدوای دەستبەسەرکرانەوە دەیتوانی چاوی بە ئەندامێکی بنەماڵەکەی بکەوێت.

دەوترێت دەست و گورچیلەکانی ئەم هونەرمەندە لە کاتی دەستبەسەربووندا تووشی ئیلتیهابی قورس بوون.

دۆسیەی ئەم چالاکە سیاسییە پێشووە نێردراوەتە بەردەم لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤین و لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کراوەتەوە، تا ئێستە هیچ زانیارییەکی ورد بەردەست نەکەوتووە.