ڕۆژی شەممە ١٨ی خەرمانان (٩ی سێپتامبەر) سیرووس و ئازاد عەباسی، دوو برای چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی دێولانی پارێزگای کوردستان، دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای ئەم شارە دەستبەسەر کراون و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی قوروە کراون.
هەریەک لەم چالاکە مەدەنیانە پێشتر بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی»، «تێکدانی ئارامیی گشتیی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی دووی دادگای کەیفەریی دێولانەوە بە ڕیز سزای ٤٨، ١٨ و ١٠ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، لە کۆی ئەم سزایانە، سزای ٤٨ مانگ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێشرە و لە ڕێکەوتی ١١ی خەرماناندا (٢ی سێپتامبەر) سیرووس عەباسی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی فێرکاریی «ڕووزنۆباری زانستی کوردستان»، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە مۆڵەتی ئەم دامەزراوەیە لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و فێرکارییەوە لەبەر «بەفەرمیکردنی فێرکاریی زمانی کوردی لە فێرگەکەدا، پشتیوانیکردن لە مامۆستایانی دەستبەسەرکراو و پشتیوانیکردن لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی» هەڵوەشاوەتەوە.
سیرووس و ئازاد عەباسی ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری دێولان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیداری ئیتلاعاتی سنە. ئەم دوو برا چالاکە دوای مانگێک لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کران و دوای ماوەیەک بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.