یاسر نووری، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی جوانڕۆ، لە لایەن لقی ٤ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٤ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە لقی ٤ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشاندا بەڕێوە چووە و ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی گەڵاڕێزان (٢٥ی ئۆکتۆبەر) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.
یاسر نووری، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی جوانڕۆ، ڕۆژی ٧ی گەلاوێژی ئەمساڵ (٢٩ی جولایی ٢٠٢٣) لە نەخۆشخانەی ئەم شارەدا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی مەیدانی نەفتی کرماشان. ئەم هاووڵاتییە دوای ١٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
یاسر نووری پێشتریش لە ساڵەکانی ١٣٩٤ و ١٣٩٥دا (٢٠١٤ و ٢٠١٥) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای ٥ مانگ بەندکران و غەرامەی پارەی بەسەردا سەپابوو.