لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و هێزەکانی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا، لانیکەم ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژرا و سێ کەسی دیکەیش بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی سوپای پاسداران لە گوندی «دێوەزناو»ی سەوڵاوا گەمارۆی تیمێک لە ئەندامانی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیان داوە و لە دەوروبەری گوندەکەدا بۆسەیان بۆ داناون.

دەوترێت دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی ئەو حیزبەدا کە لە ناوچەکەوە دەپەڕینەوە، ڕووی داوە و لە ئەنجامی ئەم تێکهەڵچوونەدا لانیکەم ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی محەممەد ئەحمەدپوور کوژراوە و لانیکەم ٣ ئەندامی دیکەی سوپایش بریندار بوون.

هاوکات قایمقامییەت (فەرمانداری)ی کامێرانیش لە دووتوێی ئاگادارکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە کە یەک لە پارێزەرانی ئاسایش لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) لە جادەی سەوڵاوا بۆ کامێران کوژراوە.