هێمن پاڵانی، پوویا دڵجوو، ئاریام ئەحمەدی، پەیام ڕەنجبەر، کاوه سوهرابی، ئەیمەن سەفایی، ئومێد ساڵحی، یووسف ڕەنجبەر و خالید کەمەری، هاووڵاتیانی خەڵکی سەرپێڵی زەهاوی کرماشان کە کۆتایی سەرماوەز (ناوەڕاستی دیسامبەر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەدا لە کرماشان دەستبەسەرن. هەروەها محەممەد نەیریزی کە لەگەڵ ئەم ٩ هاووڵاتییەدا دەستبەسەر کرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم حەوت هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) بە شێوەی هاوکات لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکانی خۆیان و لە ڕیستۆرانێکی شاری سەرپێڵی زەهاودا بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان لە مەیدانی نەفتی ئەم شارەدا.
هەروەها محەممەد نەیریزییش چەند ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە لە گوندی «سەراوگەرم»ی سەرپێڵی زەهاو لە لایەن هەمان ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان. ئەم هاووڵاتییە دوای حەفتەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە منداڵێکی ١٧ ساڵانیش بە ناوی کۆمار ساڵحی لەگەڵ ئەم کەسانەدا دەستبەسەر کراوە، بەڵام دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردتر دەر کەوت کە هەواڵەکە ڕاست نییە و ئەم هاووڵارییە دەستبەسەر نەکراوە.
ئەم کەسانە لە کەتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها یەک جار توانیویانە بە کورتی و لەڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن و لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.
ڕۆژی ٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٢ی دیسامبەری ٢٠٢٤) داواکاری گشتی و شۆڕشی سەرپێڵی زەهاو لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا باسی دەستبەسەرکردنی ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی ئەم شارەی کردبوو: «دەستبەسەرکراوانی ئەم تۆڕە تەکفیرییە ١٢ کەسن کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگای کۆبوونەوەی شەوانە و ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکانی وەک پارکەکاندا و بە خستنە بەردەستی پێشنیاری جۆراوجۆری ماڵی دەیانویست گەنجانی ئەم ناوچەیە بەرەو گرووپەکان ڕابکێشن».