دوای تێپەڕینی نزیکەی ٦ مانگ لە دەستبەسەرکردنی شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی قادر خەرامانفەر، جەلال سەدەفی، سالار شەمس‌بورهان، عەلی مەعرووفی، ڕێبوار ڕەسوولی و ئەیوب ڕەسوولی، ئەم هاووڵاتیانە تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زیندانی مەهاباد ڕاگیراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم شەش هاووڵاتییە لە کۆتایی سەرماوەزی ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کران.

لە نێو ئەم دەستبەسەرکراوانەدا، جەلال سەدەفی بە هۆی شکانی چەندین ددانیەوە لەژێر ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدایە و هاوکاتیش مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی لێ زەوت کراوە. هەروەها قادر خەرامانفەریش چەندین نەخۆشیی وەک ئازاری ئەژنۆ، نەخۆشیی گورچیلە و زەختی خوێنی لەگەڵە و سەرەڕای ئەوەی پێویستیی خێرای بە هەناردن بۆ ناوەندە پزیشکییەکان هەیە، بەڵام تا ئێستایش بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

دەوترێت سزانامەی ئەم ٦ هاووڵاتییە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» دەر کراوە و دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد.

ئەم بەندکراوانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کراون.

ئەیوب ڕەسوولی و ڕێبوار ڕەسوولی، دوو برای خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران. هاوکات قادر خەرامانفەر، جەلال سەدەفی و عەلی مەعرووفییش لە ماڵەکانی خۆیان لەم شارەدا دەستبەسەر کران.

هەمان ڕۆژ سالار شەمس‌بورهان، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «کۆڵیجە»، لە لایەن هەمان ئەو هێزانەوە و لە ماڵەکەی خۆی لەو گوندەدا دەستبەسەر کرا.

لە ناوەڕاستی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (سەرەتای فێبرییەی ٢٠٢٥) هاجەر ئامیا، هاوژینی قادر خەرامانفەر و سیروان شاولە، هاوژینی جەلال سەدەفی، بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بانگهێشت کران و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر خرانە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەوە.