لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا بۆ سەر ئۆتۆمبیلێک لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ئەندامێکی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی سەربازیی پژاک) گیانی بەخت کرد و ئەندامێکی دیکەیشیان بریندار بوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٩ی جولایی ٢٠٢٥) درۆنێکی خۆکوژی سوپای پاسداران لە بنکەیەکی سەربازیی سەرسنوورەوە هەڵفڕیوە و لە نزیک گوندی «شیوەگوێزان»ی پێنجوێن هێرشێکی بۆ سەر ئۆتۆمبیلێک لە جۆری تویوتا هایلۆکس ئەنجام داوە. بە هۆی ئەم هێرشەوە شۆفیری ئۆتۆمبیلەکە دەسبەجێ گیانی بەخت کردووە و کەسێکی تریش بە سەختی بریندار بووە.
یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای درۆنەوە ئۆتۆمبیلی ئەندامەکانیانی بەئامانج گرتووە. لە بەیاننامەکەدا وتراوە کە ئەندامێکیان بە ناوی سمکۆ کوبانی گیانی لە دەست داوە.
بە وتەی خەڵکی ناوچەکە، دوای تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکە ئاگرێکی گەورە لە ڕووبەرێکی بەربڵاوی دارستان و باخەڕەزی ناوچەکەدا کەوتووەتەوە.
دوابەدوای هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هێز و کەرەستەی سەربازیی وەک درۆنی چاودێری و خۆکوژی بە شێوەیەکی بەربڵاو بۆ سەربازگە سنوورییەکان گواستووەتەوە و لە ئێستەدا ڕەوشێکی چری ئەمنی بەسەر ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلامدا زاڵ کراوە.