خزر ڕەسوول مروەت (شەماڵ)، زیندانیی سیاسیی پێشوو و فەتاح یووسفپوور، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خزر ڕەسوول مروەت لە شاری مەهاباد و ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) فەتاح یووسفپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٥٢ ساڵی خەڵکی بۆکان، لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەم هاووڵاتییە ماوەیەک لەمەوپێش نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە، سەرباری ئەمەیش هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا مۆڵەتیان پێ نەداوە دەواودەرمانەکەی لەگەڵ خۆی هەڵگرێت.
خزر ڕەسوول مروەت (شەماڵ)، بەکالۆریۆسی ئەدەبیات و لە چالاکانی خوێندکاریی پێشووی کوردستان، ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٣٩١ (٢٦ی فێبرییەی ٢٠١٣) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە گردبوونەوەیەک لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ورمێدا کە بۆ پشتیوانیکردن لە خوێندەڤانانی شینئاوێ بەڕێوە چووبوو، دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ کرا.
ئەم چالاکوانە کوردە لە ڕەزبەری ١٣٩٢ (سێپتامبەری ٢٠١٣) و لە کاتێکدا کە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی لێ زەوت کرابوو، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەوادی کیا دادگایی کرا و بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکەی ئەم دادگایە لە سەرماوەزی هەمان ساڵدا (دیسامبەری ٢٠١٣) لە دادگای پیاچوونەوە پەسەند کرا و ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکە لە زیندانی میاندواو ئازاد کرا.
خزر ڕەسوول مروەت پێشتریش لە گەلاوێژی ١٣٧٨دا (جولایی ١٩٩٩) دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە سزای ٣ ساڵ بەندکران و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو. ئەم چالاکوانە دوای ٢ ساڵ مانەوە لە زیندان بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا، بەڵام سەرباری قبووڵبوون لە تاقیکارییەکانی وەرگرتنی زانکۆدا، مۆڵەتی درێژەدان بە خوێندنی باڵای پێ نەدرا و لەم مافە بێبەش کرا.