شەش هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی خزر ڕەسوول مروەت، کامران ڕەواز، شاهین ڕەحمەتیپوور، سامان قوربانی، ئاکۆ عەزیزی و سالار خەلیفەزادە، هێشتا هەر بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە قەرەنتینەی زیندانی مەهاباد ڕاگیراون. هاوکات هاووڵاتییەکی تر بە ناوی کەبیر گوڵابی دوای پێنج مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورسی ١٠ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لەم زیندانە ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «لانیکەم شەش هاووڵاتیی کورد کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە شارەکانی سەردەشت و مەهاباد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە قەرەنتینەی زیندانی مەهابادد ڕاگیراون».

هەر بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کەبیر گوڵابی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) دوای زیاتر لە پێنج مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کراوە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٢ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتەیەک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا گوازرابوویەوە بۆ زیندانی مەهاباد.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا باسی بەردەوامیی دەستبەسەربوونی خزر ڕەسوول مروەت، کامران ڕەواز، شاهین ڕەحمەتیپوور، سامان قوربانی، ئاکۆ عەزیزی و سالار خەلیفەزادەی کرد کە لە قەرەنتینەی زیندانی مەهاباددا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕاگیراون: «کامران ڕەواز، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١١ی جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە قەرەنتینەی زیندانی مەهاباد ڕاگیراوە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە چەندین جار بۆ لێپرسینەوە براوەتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی مەهاباد».

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاکۆ عەزیزی، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ڕەبەت، لە زیندانی سەردەشتەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی مەهاباد. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارۆچکەی ڕەبەت دەستبەسەر کرابوو و دوای نزیکەی ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، گوازرابوویەوە بۆ زیندانی سەردەشت. خزر (شەماڵ) ڕەسوول مروەت و سالار خەلیفەزادەیش لە دوو مانگ لەمەوپێشەوە لە دۆخی دەستبەسەربوونی کاتیدان و دۆسیەکەیان دوای دەرکردنی سزانامە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد کراوە.

سامان قوربانی و شاهین ڕەحمەتیپووریش کە دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهابادن و ڕۆژی ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٠ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەدا، ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی مەهاباد کراون و تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە هەر لەم زیندانەدا ڕاگیراون.