ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لەسەر بانگەوازی هاوبەشی حیزبەکانی کوردستان، کاسبکاران و بازاڕیانی سنە و زیاتر لە ٢٠ شاری دیکەی کوردستان وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا، بەتایبەت لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان، مانگرتێنکی گشتییان بەڕێوە برد و دووکان و شوێنی کارەکانیان داخست. لە ئێوارەی هەمان ڕۆژەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی سەرشەقامیش لە شاری سنە دەستی پێ کرد.
هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە کە خۆی شایەتحاڵی مەیدانیی ڕووداوەکان بووە، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «هێزە ئەمنییەکان لە یەکەم چرکەکانی دەسپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی سەرشەقامەوە بە چەکی جەنگی و ساچمەزەن دەستیان دایە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی کە بووە هۆی گیانبەختکردن و برینداربوونی ژمارەیەکی نادیار لە هاووڵاتیان».
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕەوتی ڕووداوەکان بەم جۆرە دەگێڕێتەوە: «لە دوانیوەڕۆی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبارەوە (٨ی ژانڤییە) هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکەدا گردبوونەوەی ناڕەزایی لە شوێنە جیاوازەکانی شاردا دەستی پێ کرد. خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمی دژ بە حکومەت ناڕەزایی خۆیان لە دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران و هەروەها سەرکوتکردنی قورسی خەڵک لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان دەربڕی و هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکانیش بە شێوەیەکی توندوتیژ ڕووبەڕوویان بوونەوە».
ئەم هاووڵاتییە لە درێژەدا زیادی کرد: «لە گردبوونەوەکانی شەقامی تاج (تەعریف) و گەڕەکی غەفووردا هێزە ئەمنییەکان بە چەکی جەنگی و ساچمەزەن دەسڕێژیان لە خەڵک کرد و ژمارەیەکیان بریندار کرد کە لە لایەن هاووڵاتیانەوە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە جیاوازەکانی سنە».
ئەم شایەتحاڵە مەیدانییە سەبارەت بە گیانبەختکردوان و برینداران وتی: «دڵنیام یەک لە برینداران کە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە نەشتەرگەریی بۆ کرابوو، گیانی بەخت کردووە. ئەم هاووڵاتییە لە مەودای دوو مەترییەوە بە چەکی شاتگان (ساچمەزەن) بە ئامانج گیرابوو، بەڵام جۆری شاتگانەکە جیاوز و بەهێزتر لەوانەی ساڵانی پێشوو بوو، بە جۆرێک کە قاپۆرە پلاستیکییەکە و ساچمەکە هەردووکیان چووبوونە ناو سەریەوە و سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، برینەکەی هێندە قووڵ بوو کە گیانی لە دەست دا».
وێنەیەکی ئەو ساچمانە کە لە سەری ئەم هاووڵاتییە گیانبەختکردووە دەر هێنراوە بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە وێنەکەدا قاپۆڕێکی پلاستیکی و چەندین ساچمە دەبینرێت. هەروەها بە گوێرەی هەندێ ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوە، ژمارەی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە زیاتر لە یەک کەسە، بەڵام بە هۆی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە و داسەپاندنی کەشی ئەمنی، نەمانتوانیوە زانیارییەکی ورد بەدەست بهێنین.
سەرچاوەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بریندارەکانی تر و دەستبەسەرکراوانیش وتی: «دەیان کەس ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار (٨ و ٩ی ژانڤییە) بریندار بوون، بەڵام زۆربەیان لە ترسی دەستبەسەرکردن نەچوونەتە ناوەندە پزیشکییەکان و لە ماڵەکاندا دەرمان کراون. ژمارەیەکی زۆریش دەستبەسەر کراون، تا ئێستە هەرتەنها لە زیندانی ناوەندیی سنەدا ١٤٠ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی ئەم خۆپیشاندانانە گوازراونەتەوە بۆ قەرەنتینەی ئەو زیندانە».
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستەی شارەکەیش وتی: «ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزی ئینتیزامی لە شوێنە سەرەکییەکان و هەندێ شوێنی پەراوێزتری شاردا جێگیر کراون. بەڵام شەوان هێزەکانی حەشدی شەعبیی ئێراق جێیان دەگرنەوە و لەو شوێنانەدا جێگیر دەکرێن. بینای کۆنی فەرمانگەی داد لە مەیدانی ئازادی/ئێقباڵ (شۆرای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان) و بینای بیمەی ئێران کراونەتە شوێنی مانەوە و حەوانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی».
ئەم هاووڵاتییە جەختی کردەوە: «بۆ خۆم هێزەکانی حەشدی شەعبیم بینیوە. حکومەت بە مەبەستی سەرکوتکردنی خەڵک ئەو هێزانەی لە ئێراقەوە هێناوە و لە چەندین شاری تریشدا جێگیر کراون. ئەو کەسانە تا ڕادەیەک بە فارسی قسە دەکەن، بەڵام فارسییەکەیان بەشی ئەوە ناکات شوناسە ڕاستەقینەکەیان بشارێتەوە».
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەندێ هاووڵاتیی دیکەیش باسی جێگیرکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبییان لە شارە جیاوازەکاندا کردووە، بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستە نەیتوانیوە بە شێوەی سەربەخۆ ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە.
بە وتەی ئەم شایەتحاڵە مەیدانییە، هێزە ئەمنییەکان لە چەند ڕۆژێک لەمەوپێشەوە دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی دیشی سەتەلایتی هاووڵاتیان. سەرەتا بە هێلیشات (درۆن) شوێنی دیشەکان دەدۆزنەوە و پاشان بە کرێن دەڕۆنە سەر بان و باڵکۆنی بیناکان و دەست بەسەر دیشەکاندا دەگرن. هەروەها هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی کەشی ئەمنیدا، بنکە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ڕێی ئێسئێمئێسەوە (SMS) هەڕەشە لە هاووڵاتیان دەکەن.