بە هۆی هێرشی درۆنی و مووشەکیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان و بارەگایەکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە لایەنی کەمەوە سێ ئەندامی ئەم حیزبە بە ناوەکانی نێدا میری، سەمیرا ئەڵڵایاری و شاهین ئازەربەرزین گیانیان بەخت کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی هەینی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (١٧ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) سەرباری ڕاگەیاندنی دوو حەفتە ئاگربەست لە نێوان ئامریکا-ئیسراییل و ئێراندا، کەمپی مەدەنیی «جێژنیکان»ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کەوتە بەر هێرشی درۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و لە ئەنجامی هێرشەکەدا شاهین ئازەربەرزین، خەڵکی پیرانشار، گیانی لە دەست دا و باوکیشی، نادر ئازەربەرزین، بە سەختی بریندار بوو.
هاوکات هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر بارەگایەکی ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی «سیدەکان»ی هەولێر و دوو ژنەپێشمەرگەی ئەم حیزبە بە ناوەکانی نێدا میری، خەڵکی سنە و سەمیرا ئەڵڵایاری، خەڵکی دیواندەرە، گیانیان بەخت کرد و کەسێکی دیکەیش بریندار بوو.
لە ماوەی پەنجا ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕی نێوان ئامریکا و ئیسراییل لەگەڵ ئێراندا، سوپای پاسداران و هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە ئێراقدا بە دەیان جار بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا بە لایەنی کەمەوە ٩ ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوەی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران گیانیان بەخت کردووە. هەروەها ٨ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەم هێرشانەدا گیانیان لە دەست داوە.
جیا لەمانە، دەیان هاووڵاتیی دیکەی سەربازی و مەدەنی بریندار بوون و سەدان بنەماڵە بە ناچار کەمپەکانی نیشتەجێبوونیان بەجێ هێشتووە.