قازی کاوانی، کاسبکاری خەڵکی گوندی «دۆڵەتوو»ی سەردەشت کە بە دەسڕێژەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی کوێستانی قەندیلی ئەم شارەدا بە سەختی بریندار بووبوو، لە ناوەندێکی پزیشکی مەهاباد گیانی لە دەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم کاسبکارە لاوە حەفتەی ڕابردوو لە بەرزاییە سنوورییەکانی «جاسووسان» لە کوێستانی قەندیلی سەردەشت لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران، لەم دەسڕێژەدا سەرری پێکرا و بە سەختی بریندار بوو.

ئەم هاووڵاتییە دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکی لە مەهاباد کرا، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٢٤ی مەیی ٢٠٢٦) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.