لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا، گەڕێکی نوێی پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستی پێ کردووە. لەم پێکدادانانەدا کە دوای هێرشکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر شانەکانی ڕێکخستنی ئەم دوو حیزبە ڕووی داوە، لانیکەم ١٠ ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و پژاک گیانیان بەخت کردووە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١ی جولایی ٢٠٢٦) ئۆتۆمبێلێکی ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە جادەی گوندی «قزەقاپان»ی پیرانشار کەوتە بەر پەلاماری چەکی ئارپیجیی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسدارانەوە. لە ئەنجامی هێرشەکەدا، محەممەد خاکی (گڕگۆڵی)، توانا عوسمانی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور (حاجی عەبدوڵڵا)، کارۆ هورموزیاری، فەردین چەنگیزی و محەممەدئەمین بایزیدی کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و ئەندامی ڕێکخستنی نهێنیی ئەو حیزبە بووە، گیانیان بەخت کردووە.
هەروەها ئێوارەی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٦) گرووپێک لە ئەندامانی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک)، باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە بەرزاییەکانی «گاگش» لە نێوان مەهاباد بۆ پیرانشاردا کەوتنە بەر هێرشی تۆپخانە و چەکی قورسی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە. هێرشەکە بووە هۆی دروستبوونی شەڕێکی گەورە لە نێوان هەردوو لادا و چەندین کاتژمێر درێژەی کێشا، لە ئەنجامدا چوار ئەندامی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک) گیانیان بەخت کرد.
یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک) ڕۆژی سێشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٣٠ی ژوەنی ٢٠٢٦) لە بەیاننامەیەکدا گیانبەختکردنی چوار ئەندامی خۆی کە دوو ژن و دوو پیاون، پشتڕاست کردەوە. بەڵام تا ئێستە ناسنامەی گیانبەختکردوانی بڵاو نەکردووەتەوە. لە بەرانبەردا قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی وێنەی تەرمەکانی ئەو گیانبەختکردوانە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لەو چالاکییەدا شەش ئەندامی پژاکی کوشتووە، بەڵام نە پژاک و نە سەرچاوە سەربەخۆکان ئەو دەنگۆیەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە چوارچێوەی پێکدادانێک لە نێوان هێزەکانی پژاک و هێزی ئینتیزامیی ئێراندا لە دەروازەی شاری بانە، سێ ئەندامی هێزی ئینتیزامی کوژراون. هەروەها لە شاری پاوەیش دوو ئەندامی سوپای پاسداران بە دەستی هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان کوژراون.