ئەبووبەکر هووشەنگی، پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداراندا بۆ سەر بارەگایەکی کۆمەڵە لە پارێزگای سلێمانی بریندار بووبوو، بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد. پێشتریش ٩ پێشمەرگەی دیکەی ئەم حیزبە لە هێرشەکەدا گیانیان بەخت کردبوو.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەبووبەکر هووشەنگی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢١ی جولایی ٢٠٢٦) دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لە ناوەندێکی پزیشکیی هەرێمی کوردستان بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی بەخت کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٧ی جولایی ٢٠٢٦) سوپای پاسداران بە چەندین مووشەک هێرشی کردە سەر بەشی پێشوازیی بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە گوندی «زڕگوێزەڵە»ی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و ٩ پێشمەرگەی ئەم حیزبە بە ناوەکانی فەرهاد قەمەری خەڵکی دیواندەرە، ئەحمەد مەحموودی خەڵکی بانە، سیاوان نیکخا خەڵکی بۆکان، کەسرا ڕەحماننژاد خەڵکی بۆکان، سرووش نەسری خەڵکی مەریوان، سینا سەفەری خەڵکی شاباد، یاسین کیانپوور خەڵکی شازەند، زەکەریا فەقێ حەسەنئاغا خەڵکی بۆکان و ڕەزا سادقی خەڵکی بۆکان گیانیان بەخت کرد. لانیکەم سێ کەسی دیکەیش بە سەختی بریندار بوون.
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە (٢٠١٧) تا ئێستا بە لایەنی کەمەوە ٥٤ ئەندامی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان و پەنابەری سیاسی لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا بۆ سەر بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە لە هەرێمی کوردستان گیانیان بەخت کرددوە و دەیان کەسی دیکەیش بریندار بوون.