تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

هه‌واڵه‌کان چاڵدێران

بەردەوامیی نادیاربوونی چارەنووسی زەهرا پیردێهقان، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی چاڵدێران

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/2026/09/08/p49917

دوای تێپەڕینی ٧٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی زەهرا پیردێهقان، هاووڵاتیی ٣٢ ساڵانی خەڵکی چاڵدێران، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢٥ی ژوەنی ٢٠٢٦) لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا لە جادەی سەرڤی ورمێ لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە سەربازگەی ئەلمەهدی.

زەهرا پیردێهقان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش بووە.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی کچەکەیان، چەندین جار سەردانی ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانیان کردووە، بەڵام ئەو دامودەزگایانە تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوە و زانایارییەک بەم بنەماڵەیە بدەن.