تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

مانگرتنی به‌ندكراوان ورمێ

مانگرتن لە خواردنی زیندانیی سیاسیی تورک مەهدی پوورموراد و گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/2026/10/11/p51186

مەهدی پوورموراد، زیندانیی سیاسیی تورکی خەڵکی ورمێ کە دووەم ساڵ لە سزا ١٨ ساڵییەکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ تێ دەپەڕێنێت، لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و مافە یاساییەکانی زیندانیان، مانی لە خواردن گرتووە و بە فەرمانی بەرپرسانی زیندانی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە حەفتەی ڕابردوو بە هۆی کێشەی ددان و زەختی خوێنەوە سەردانی نەخۆشخانەکەی زیندانی کردووە، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانەکە بە بیانووی کەمبوونی کەلوپەلی پزیشکییەوە ئامادە نەبوون خزمەتگوزاریی پزیشکیی بۆ دابین بکەن و داویان کردووە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان بکرێت.

هەروەها بە هۆی ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە مافە یاساییەکانی زیندان، لەوانە مۆڵەتی پشووی کاتی و زیندانی کراوە، بێبەش بووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦) لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و مافە یاساییەکانی زیندانیان، نامەیەکی ئاڕاستەی بەرپرسانی زیندانەکە کرد و ڕایگەیاند کە مانی لە خواردن گرتووە. دوای دوو ڕۆژ لە مانگرتنەکە، بە فەرمانی بەرپرسانی زیندانی ڕەوانەی بەشی قەرەنتینە کرا و تا ئێستە لە مافی پێوەندیی تەلەفۆنی و دیداری بنەماڵە بێبەش بووە.

مەهدی پوورموراد، هاووڵاتیی دانیشتووی گوندی «کچەباش»ی ورمێ، ڕۆژی ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئاپریلی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم گوندەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ.

لە کاتی دەستبەسەرکردن و لە قۆناغی لێپرسینەوەدا، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپیانانی زۆرەملێ، هاوسەر و منداڵەکانیشیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستبەسەر کردبوو. مەهدی پوورموراد دوای دوو مانگ مانەوە لەم دەستبەسەرگەیەدا و گوشاری و ئەشکەنجەی دەروونیی زۆر، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

چەند مانگێک دواتر و سەرباری ئەوەی لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، دانیشتنی دادگاییکردنی بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە ڕێکخراوەی مەجاهیدینی گەلدا، «بانگەشەکردن لە قازانجی ڕژێمی زایۆنیستی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر»، بە ڕیز سزای ١٥ ساڵ، ١٨ مانگ و ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. 

ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگەکانی ڕابردوودا و دوای پەسەندکردنی بڕیارەکەی دادگا، داوای مۆڵەتی پشووی کاتیی کردبوو. بەڵام بەرپرسانی زیندان پێیان ڕاگەیاندووە بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مۆڵەتی پشووی کاتی و هەموو جۆرە مافێکی دیکە بێبەش کراوە.