تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

هه‌واڵه‌کان پارێزگای کوردستان

گواستنەوەی بەربڵاوی هێز و چەکوچۆڵی سەربازیی سوپای پاسداران بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/2026/10/22/p51487

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی سنە، کامێران، سەوڵاوا، مەریوان و بانە، باس لە گواستنەوەی بەربڵاوی هێز و چەکوچۆڵی سەربازیی سوپای پاسداران لە پارێزگاکانی ترەوە بۆ ئەم شارانە دەکەن. دەوترێت ئەم کاروانانە بە چەکی قورس و نیوەقورس تەیار کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کامێرانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سەدان ئەندامی هێزە تایبەتەکانی سوپای پاسداران کە پێدەچێ لە ئەندامانی یەکەی سابیرینی ئەم دامەزراوە سەربازییە بن، لە حەفتەکانی ڕابردوو و لە چوارچێوەی چەندین کاروانی سەربازیدا گوازراونەتەوە بۆ داوێنی کوێستانی شاهۆ لە شاری کامێران و دوای ئەوەی لە ناوچەکە جێگیر کراون، ئۆپەراسیۆنی بۆسەدانانیان بەڕێوە بردووە».

هەروەها چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شارەکانی سنە، سەوڵاوا و مەریوانەوە ڕایانگەیاند کە لە حەفتەکانی ڕابردوودا چەند تیمێکی هێزەکانی چاودێریکردنی سوپای پاسداران لە بڕیارگەی حەمزەی سەیدولشوهەدای ورمێوە گوازراونەتەوە بۆ بنکەی بەیتولموقەدەسی سوپای پاسداران لە سنە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەو هێزانە لە ئۆپەراسیۆنی تۆپبارانکردن و هێرشی درۆنی بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی شاهۆ و مەریوان بەشدار بوون.

هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەیش لە بانەوە باس لە جێگیرکردنی کاروانێکی هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک کوێستانی سنووریی «سوورێن»ی ئەم شارەدا دەکات و دەڵێت هێزەکە تۆپخانەیشی پێیە.