بەردەوامیی تۆپبارانکردنی کوێستانی شاهۆ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/2026/11/01/p51967
چەندین هاووڵاتیی دانیشتووی دەوروبەری کوێستانی شاهۆ لە ناوچەی کامێران، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا باس لە بەردەوامیی تۆپبارانکردنی کوێستانی شاهۆ بۆ دووەم ڕۆژ لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەکەن.
بە وتەی ئەم سەرچاوانە، ڕۆژی شەممە ٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٥ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦) هێزەکانی سوپای پاسداران بە چەکوچۆڵی قورسەوە لە دەوروبەری گوندی «مێسووراو»ی سەر بە کامێران جێگیر کران و هەندێ بەشی کوێستانی شاهۆیان تۆپباران کرد.
بە گوێرەی ئەم شایەتحاڵانە، بە هۆی هێرشەکانەوە بەشێک لە پووشوپاوان و داربەڕووەکانی شاهۆ ئاگریان گرتووە. هێزەکانی سوپای پاسداران هاوکات لەگەڵ تۆپبارانەکەدا خاڵی پشکنینیشیان لە جادەی گوندەکانی دەوروبەری کوێستانی شاهۆ داناوە.
سەرچاوەکان هەروەها ڕایانگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەڵاڕێزانیش (١ی نۆڤامبەر) سەرباری بارانبارین، تۆپبارانکردنی کوێستانی شاهۆ بۆ دوەم ڕۆژ بەردەوام بووە.
لە دوو مانگی ڕابردوودا سوپای پاسداران لە سنووری نێوان شارەکانی کامێران، سەوڵاوا و ڕوانسەر، چەندین جاری دیکەیش بە درۆن و تۆپخانە هێرشی کردووەتە سەر کوێستانی شاهۆ.
ناوچەی پارێزراوی شاهۆ و کۆساڵان بە ڕووبەری ٥٧،٢٣٦ هێکتار، دەکەوێتە سنووری نێوان شارەکانی سەوڵاوا، ڕوانسەر، پاوە، مەریوان و کامێرانەوە و لە نزیک سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندایە. ئەم ناوچەیە بەپێی یاسای ژمارە ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە لە ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) وەکوو ناوچەی پارێزراو لە قەڵەم دراوە و خراوەتە ژێر چاودێریی ڕێکخراوەی پاراستنی ژینگەوە.
بە وتەی چالاکوانانی ژینگە، سوپای پاسداران لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە (٢٠٠٧) بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا چەندین سەربازگە و تاوەری چاودێریی لە ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان دروست کردووە و بە ڕاکێشانی جادە بۆ بنکە سەربازییەکانیش بەشێکی بەرچاوی ناوچەکەی تێک داوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، هەموو ساڵ لە مانۆڕ و ڕاهێنانە سەربازییەکانیشدا بەشێکی گەورە لەو ناوچانە دەسووتێنن.
ئەم چالاکوانە هەروەها دەڵێن سەرباری ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینی بەردەوام، پرۆسەی دروستکردنی جادە و بنکە و بارەگای سەربازی هەر بەردەوامە و بەشێک لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ناوچەکە لە ناو چووە. بە وتەی ژینگەپارێزان، سوپای پاسداران هەموو ساڵ بەئەنقەست لەوەڕگە و دارستانەکانی نزیک لە ناوەندە سەربازییەکان بە بیانووی «ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی دارودەوەنی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە بۆ هێرشکردن» ئاگر تێ بەر دەدات.
بابەتی پەیوەندیدار
-
تۆپبارانکردنی کوێستانی شاهۆ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە
-
تۆپبارانکردن و هێرشی درۆنیی سوپای پاسداران بۆ سەر کوێستانی شاهۆ
-
تۆپبارانکردنی شاخی شاهۆ لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە و ئاگرکەوتنەوە لە بەشێکی بەرفراوانی ناوچەکەدا
-
بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازیی سوپای پاسداران لە ناوچەی پارێزراوی شاهۆدا / درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆکردن بۆ ناوچەکە
-
سوپای پاسداران هاتوچۆکردنی بۆ کوێستانی شاهۆ قەدەغە کرد
-
بەردەوامبوونی کاولکردنی کوێستانی شاهۆ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە