تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ده‌ستبه‌سه‌ركردنەکان بۆکان

دەستبەسەرکردنی لانیکەم پێنج هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/2026/11/03/p52001

لانیکەم پێنج هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی مەلاحەسەن مەحموودی، ئارام وەفایی، نەوید موستەفازادە، فەتاح حاجیزادە و کەریم (پاشناوی نەزانراوە) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٥ (٣ی نۆڤامبەری ٢٠٢٦) فەتاح حاجیزادە و کەریم کە هەردووکیان خەڵکی بۆکانن، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کراون.

هاوکات مەلاحەسەن مەحموودی، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «کانی توومار»ی بۆکان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیان دەستبەسەر کراوە. ئەم هێزانە ماڵەکەیشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ئەم هاووڵاتییەیشدا گرتووە.

هەر لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکاندا، نەوید موستەفازادە، خەڵکی گوندی «داشبەند» و ئارام وەفایی، خەڵکی گوندی «عەباسئاوا»ی بۆکان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەم دوو گوندەدا دەستبەسەر کراون.

هەموو ئەم هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کراون و لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخیان بەردەست نەکەوتووە.