تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان ئیلام

ڕاپۆرتێک لەسەر دوابارودۆخی ئەمیرعەلی و عیماد زاکریفەرد، دوو برای زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ئیلام

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/2026/11/05/p52076

ئەمیرعەلی و عیماد زاکریفەرد، دوو برای وەرزشکاری خەڵکی ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» کە پێشتر بە هەندێ تۆمەتی وەک «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ»، «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ»، «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» و «ڕاگرتنی خواردنەوەی ئەلکولی» سزای قورسی ٣٥ و ٣٣ ساڵ بەندکران، پێبژاردنی پارە و قامچییان بەسەردا سەپابوو، ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٦) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کراون.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ١١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دایکی ئەم دوو برایە لە شاری ئیلام و وێڕای شکاندنی کەلوپەلی ناو ماڵەکە و پەنابردن بۆ ترساندن و تۆقاندن، هەردووکیان دەستبەسەر کردن.

ئەمیرعەلی و عیماد زاکریفەرد دوای دەستبەسەرکران گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئیلام و بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە بەر ئەشکەنجەی سەختی دەروونی و جەستەییەوە. بە هۆی ئەشکەنجەکانەوە سەر و مل و شانی ئەمیرعەلی و سەر و قاچی عیماد بریندار بوون. هەروەها عیماد بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە تووشی کێشەی دڵ بوو، بەڵام سەرباری ئەوەی لە دۆخێکی تەندروستیی خراپ و ناجێگیردا بوو، هیچ چارەسەر و خزمەتگوزارییەکی پزیشکیی بۆ دابین نەکرا و درێژە بە لێپرسینەوەکان درا.

ئەم دوو برایە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوزرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام و چەند حەفتەیەک دواتر بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

ئەمیرعەلی زاکریفەرد ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٩ی جولایی ٢٠٢٥) بۆ دووەم جار لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و چەند حەفتەیەک دواتر بە بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئازاد کرا.

دۆسیەی ئەم دوو برایە دوای دەرکردنی سزانامە ڕەوانەی بەردەم لقی ١٠٤ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی دووی ئیلام کرا. دادگاکە ڕۆژی ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٣٠ی جولایی ٢٠٢٥) بە تۆمەتەکانی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری باڵای ئێران»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ڕاگرتنی نایاسایی چەک و تەقەمەنی»، «گواستنەوە و ڕاگرتنی چەکی ساچمەزەن»، «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی ناوخۆ»، «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی»، «ڕاگرتنی خواردنەوەی ئەلکولی» و «ڕاگرتنی ئامێری سەتەلایت» بە گشتی هەرکامەیان سزای ٣٣ ساڵ بەندکران، پێبژاردنی ٦ میلیارد و ٢٥٠ میلیۆن ڕیاڵ پارە و ٧٠ قامچیی بەسەردا سەپاندن.

ئەمیرعەلی زاکریفەرد لە دۆسیەیەکی تریشدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بڕیارەکان دوای ماوەیەک لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئیلامدا وەک خۆیان پەسەند کرانەوە و ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٦) لقی ١٥ی دیوانی باڵای ئێرانیش پەسەندی کردنەوە.

ئەم دوو برایە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٦) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کراون. بە گوێرەی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، گەورەترین سزاکە واتە ١٠ ساڵ بەندکران، بۆ هەرکامیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.