رۆژی دووشەمە ٢٩ی گەلاوێژ/٢٠.٠٨.٢٠١٩، ئەکبەر گەوێڵی چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە گەڕەکی فەیزئاوای شاری سنە دەسبەسەر کرا، ئەو چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەر کردنی دەستبەجێ دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتوون، لە کاتێکدا ئەکبەر گەوێڵی تازە لە تارانەوە بۆ سنە گەڕابوویەوە، هێزە ئەمنییەکان دەکەونە شوێن ئۆتۆمبێلەکەی و سەرەنجام لە گەڕەکی فەیزئاوا پێش بە ئۆتۆمبێلەکەی دەگرن. هێزە ئەمنییەکان کە جلی مەدەنییان لەبەردا بووە، ئەو چالاکە مەدەنییەی کورد دەسبەسەر دەکەن و دەیگوازنەوە بۆ دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.
بە پێی هەواڵەکان، ئیدارەی ئیتلاعات لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە بنەماڵەکەی راگەیاندووە، بۆ وەرگرتنەوەی کەل و پەلەکانی سەردانی “ستادی هەواڵی” بکەن.
ئەکبەر گەوێڵیش لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بنەماڵەکەی ئاگادار کردۆتەوە کە لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتە و هەروەها دەستیشی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
ئەکبەر گەوێڵی چالاکی مەدەنی ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی سەوزی کوردستانە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی چالاکییەکانییەوە دوو جار کەوتۆتە زیندان و تا ئێستا چەندین جار لەلایەن ستادی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کراوە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە.
ئەکبەر گەوێڵی لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٠/ ١٠.٢٠١١ وێڕای دوو ئەندامی دیکەی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان بە ناوەکانی وریا خوسرەوی و کامران رەحیمی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کران. ئەو بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە رێگای هاوکاریکردن لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە دوو ساڵ زیندان و دووخستنەوە بۆ زیندانی سونقور مەحکوم کرا.
هەرەوها ئەو چالاکە مەدەنییە لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی /٠٣.٢٠١٦ پاش بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆز لە ئاوایی قەسریانی سەر بەشاری سنە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگکرا و پاشان دەستبەسەر کرا. پاش دوو رۆژ بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.
هەر لە درێژەی فشارەکان بۆ سەر ئەو چالاکە مەدەنییەی کورد، ساڵی رابردوو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە سنە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک زیندان مەحکوم کرا. ئەکبەر گەوێڵی پاشان لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوە تانەی لەو حوکمە دا و سەرەنجام حوکمەکەی لە ساڵێکەوە بۆ چوار مانگ کەم کرایەوە.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە مانگی رێبەندانی رابردوو دەستبەسەکرا و رەوانەی زیندانی ناوەندی سنە کرا تا لەوێ ئەو ماوەیە تێپەر بکات کە بە سەریدا سەپابوو.
ئەکبەر گەوێڵی دەسبەسەر کرا / ئەو چالاکە مەدەنییە مانگرتنی راگەیاند
هاووڵاتیانی گیانبەختکردووی کورد لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا
دوابەدوای شەپۆلی نوێی خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەربڵاوەکان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا کە ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥)...
Read Moreڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان؛ سەدان گیانبەختکردوو، بریندار و دەستبەسەرکراوی کورد
لە دەسپێکی شەپۆلی نوێی خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەربڵاوەکانەوە کە ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) دەستی پێ کرد و تا...
Read Moreبێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی موحسین قادریی ئەندامی پژاک و پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە بەرانبەر چارەنووسیدا
لەسەر چارەنووسی موحسین قادری، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٢ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە نزیک...
Read More