بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئارمان وەفایی بۆ مانگێکی دیکە درێژکرایەوە
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2019/12/23/p7577
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.١٧، “ئارمان وەفایی“، چالاکوانی ژینگەپارێز و یەک لە ئەندامانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتی میللی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ لقی دووی لێپێچینەوەی ئەو شارە گوازراوەتەوە و بڕیاری دەستبەسەرکرانەکەی بۆ ماوەی مانگێک درێژکراوەتەوە.
درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکوانە کورد لە کاتێکدایە کە بەدەست نەخۆشیی دڵەوە دەناڵێنێت، تا ئێستا لە دۆخی سەختدا لەناو ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا بەسەری بردووە و بەردەوام لەژێر فشاردا بووە بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملیی لێوەربگرن.
ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر / ١١.١٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنەوە دەستبەسەرکرا و برا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە. ناوبراو لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا تەنیا ڕێگەی پێدراوە چەند پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورت بە بنماڵەکەیەوە بکات.
هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵە و کەس و کارەکانی ئارمان وەفایی لە بەردەم دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گردبوونەوە و داوای ئازادیی ئەو چالاکوانەیان کرد.
ئارمان وەفایی پێشتر لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەمیانەی ڕەشبگیریی چالاکوانانی ژینگەپارێزی کوردستاندا دەستبەسەرکرابوو و پاش مانگێک لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگەی “شەهرام فەر”ی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە ئازادکرابوو.
دەگوترێت ئەو چالاکوانە کوردە لە کۆتاییەکانی مانگەی ڕەزبەری ئەمساڵ / ٢٠١٩.١٠دا لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر سەعیدی”، دادگایی کراوە و بە “ئەندامبوونی یەک لە حزبە کوردستانییەکان” تۆمەتبارکراوە.
بابەتی پەیوەندیدار
-
لەیلا تیرئەندەری، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی ژنانی لەقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی لە سنە دەستبەسەرکرا
-
گردبوونەوەی بنەماڵەی دوو چالاکوانی دەستبەسەرکراوی کورد لەبەر دەم ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە
-
چارەنووسی ژینگەپارێزێکی دەستبەسەرکراو لە سنە نادیارە
-
مێرمنداڵێکی مەریوانی بەهۆی دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیان لەدەستدانی فەرهادی خوسرەوی دەستبەسەرکرا
-
ئاکۆ جەلیلیان و چالاکوانە کولتورییەکانی دیکەی کرماشان ئازادکران
-
هۆمایون عەباسی گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کرماشان