تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ده‌ستبه‌سه‌ركردنەکان ورمێ

هاوڵاتییەکی کوردی دەستبەسەرکراو گواستراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2020/01/03/p7665

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانبار / ٠١.٠١، هاوڵاتییەکی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی شارۆچکەی کۆتوولی سەر بە شاری خۆی بەناوی “فیروز موسالو” پاش ٥ مانگ و ٢٠ ڕۆژ لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو، ناوبراو چەند ساڵ ئەندامی حزبێکی کوردستانی بووە و پاش وەرگرتنی “ئەمان نامە” لە سپای پاسداران، لە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕدا / ٢٠١٩.٠٧.١١، خۆی ڕادەستی سپای شاری سەردەشت کردووە.

لەکاتێکدا بەرپرسانی سپای پاسداران بە بنەماڵەی ئەو هاوڵاتییەیان گوتبوو کە پاش چەند ڕۆژێک لێکۆڵینەوە ئازادی دەکەن، بەڵام پاش ڕادەستکردنی خۆی، بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ بەڕێکراوە و لەوێ بۆ ماوەی چەند مانگ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و ئەشکەنجە دراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی: “فیروز موسالو ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانبار / ٠١.٠١ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی وەمێوە بۆ بەندی “ڕەوان-دەرمانی” و ڕۆژی ڕابردوو بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ گواستراوەتەوە”.

دەگوترێت کە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حزبێکی کوردستانی” و “شەڕی چەکداری” بەو هاوڵاتییە کوردە هەڵبەستراوە.

 پێشتر ئەندامانی حزبە کوردستانییەکان پاش وەرگرتنی “ئەمان نامە” لە وەزارەتخانەی ئیتلاعات و سپای پاسداران بۆ ئێران دەگەڕانەوە و دوای چەند رۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکران، بەڵام لە چەند ساڵی رابردووەدا ئەم کەسانە دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران دەستبەجێ دەستبەسەرکراون و بۆ ماوەی چەندین مانگ لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و بە سەختی ئەشکەنجە دراون.

تاوتوێکردنی لێدوانەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی ژمارەیەک لەو کەسانە ئاشکرای دەکات کە مەرجی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئازادکردنییان “ئەندامبوون لە سپای پاسداران و هاوکاریکردنی ناوەندە ئەمنییەکان دژ بە حزبە کوردستانییەکان” بووە. هەروەها تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 20 کەس لە ئەندامانی حزبە کوردستانییەکان پاش گەڕانەوەیان بۆ ئێران دەستبەسەر کراون. ژمارەیەکیان سزایان بەسەردا سەپێندراوە و ژمارەیەکی دیکەشیان تا ئێستا چارەنووسیان روون نییە.