ڕاپۆرتی دەستبەسەرکرانی هاوڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی کورد لە مانگی بەفرنباردا؛ ٤٩ کەس دەستبەسەر یان ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2020/01/23/p7850
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆ کراونەتەوە، لە مانگی بەفرانباردا ٣٩ هاوڵاتی، خوێندکار و چالاکوانی مەدەنی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و ١٠ هاوڵاتی دیکەش بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون.
بەپێی ئەو ئامارانە ٣٣ لەو دەستبەسەرکراوانە تا ئێستا دەستبەسەرن یان هیچ هەواڵێک سەبارەت بە ئازادکردنیان لە بەر دەستدا نییە و ٦ هاوڵاتی دیکەش بە دانانی بارمتە یان بڕیاری کەفالەت ئازادکراون.
لەو مانگەدا هەروەها ٩ خوێندکار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران، لەوان پێویستە ئاماژە بە ٣ خوێندکاری زانکۆی کوردستان لە سنە و ٥ خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان بدرێت کە پاش بەڕێوەچوونی خۆپیشاندنە خوێندکارییەکان دژ بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی ئوکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکران.
زیاترین ئاماری دەستبەسەرکرانی هاوڵاتیان تایبەتە بە شاری سنە بە ١٠ دەستبەسەرکراو و کرماشان بە ٨ دەستبەسەرکراوەوە، پاش ئەوان شاری مەریوانە کە ٦ هاوڵاتیی لێ دەستبەسەرکراوە.
سەبارەت بەو هاوڵاتیانەی لەم مانگەدا بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکران بۆ بەندیخانەکان ڕەوانە کراون، پێویستە بگوترێت کە هەموویان بە تۆمەتگەلی وەک “هاوکاریکردن یان ئەندامبوونی حزبە کوردستانییەکان” بە بەندکران سزادراون. لەو بوارەشدا زیاترین ئامار تایبەتە بە شاری شنۆ کە لەو مانگەدا ٥ هاوڵاتیی لێ ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.
بابەتی پەیوەندیدار
-
سێ هاوڵاتیی کورد لە دەماوەندی تاران دەستبەسەرکران
-
ئەمیر گەوێڵی هاوڵاتیی کورد دەستبەسەرکرا
-
ڕەشید ناسرزادە، چالاکوانی بواری ڕاگەیاندن و ژینگە دەستبەسەرکرا
-
عەبدوڵلا ویسی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا
-
هاوڵاتییەک لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە
-
ئازادیی دلێر نەسری بە دانانی بارمتەی و گواستنەوەی ئازاد ساڵحیان بۆ بەندیخانە

