تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ده‌ستبه‌سه‌ركردنەکان

دواینن ڕەوشی ١٥ چالاکوانی مەدەنی و کولتوریی کورد لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سنە

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2020/01/25/p22807

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستادا ١٥ هاوڵاتی و چالاکوانی مەدەنیی کورد لە دەستبەسەرگەی “شەهرام فەری”ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی ئەو هاوڵاتیانە بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرملیی لە ژێر گۆشاری ناوەندە ئەمنییەکاندان.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، “لەیلا تیرئەندەری“، چالاکوانی مەدەنی ە ئێستادا لە ٢٨ەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردن دا بەسەر دەبات. بنەماڵەی ئەو چالاکوانە مەدەنییە لەو ماوەیەدا تەنیا جارێک توانیویانە سەردانی بکەنو باس لەوە دەکرێت کە ڕەوشی تەندروستییەکەی زۆر ناجێگریە، هەموو جەستەی تەنانەت ناو دەمی پڕ بووە لە برین و قسەی بۆ ناکرێت.

لەیلا تیرئەندەری، پەرەستار و بەرپرسیاری پێشووی کۆمیتەی ژنانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتی میللی لە رێکەوت ٧ی بەفرانباردا / ٢٠١٩.١١.٢٧، بانگ کرا بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و دەستبەسەرکرا. ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە فشارەکانی سەر خۆی و هاوسەرەکەی دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. ناوبراو بە ڕۆژدا دەبرێت بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و لێکۆڵینەووەی لەگەڵ دەکرێت و بەشەواندا دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنانی)ی سنە.

لەلایەکی دیەوە، “ئارمان وەفایی“، هاوسەری لەیلا تیرەندەریش هەروا دەستبەسەرە. بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکوانە مەدەنییەش لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباردا پاش دوو مانگ دەستبەسەرکران بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە. دەگوترێت کە ئەو دوو چالاکوانە کوردە لە ژێر گۆشاری هێزە ئەمنییەکاندایە بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرملییان لێ وەربگرن و لە تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیدا پەخش بکرێتەوە.

هەروەها سێ چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری دێولان بەناوەکانی “فەریدە وەیسی“، “سیروس عەباسی” و “ئازاد عەباسی” کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباردا / ٠١.١٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراونەتەوە. ئەو سێ ئەندامە کۆمەڵەی “شەیدای سەوز”ی لەیلاخ تا ئێستا نەیانتوانیوە چاویان بە بنەماڵەکانیان بکەوێت و پەیوەندی تەلەفۆنییان پێوە بکەن.

سیروس عەباسی و فەریدە وەیسی لە شوێنی کاردکردنەکەیان، فێرگەی “زانست” لە شاری دێولان دەستبەسەرکرابوون. ئازاد عەباسی، برای سیروس عەباسیش پاش ئەوەی بەمەبەستی بەدواداچوون سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەی کردبوو دەستبەسەرکرابوو.

هاوکات “پەریسا سەیفی“، خوێندکار و چالاکوانی کولتوریی کورد ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار / ٠١.١١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی “شەهرام فەر”ی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە کرا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون هێزە ئەمنییەکان فشاریان خستووەتە سەر ئەو چالاکوانە کوردە بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملیی لێ وەربگرن.

هەروەها “فەردین مورادی“، “هێرش خوسرەوی” و “گۆران یوسفی” کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون لە دەستبەسرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەرن. “ئەکبەر گەوێڵی” چالاکوانێکی مەدەنیی دیکەش کە لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزدا / ٢٠١٩.١١.٢٧ پاش ئامادەبوون لە دادگا سنە دەستبەسەرکرابوو لە ئێستادا هەر لەو دەستبەسەرگەیەدا دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕەوش و چارەنووسی سێ خوێندکاری دەستبەسەرکراوی زانکۆی کوردستان لە سنە لە بەردەست دا نییە. هێندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو خوێندکارانە گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بەڵام ئەو ڕاپۆرتانە هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە.

“زانیار ئەحمەدپور“، “ئەرشەد ئەتابەک“، بەرپرسیاری ناوەندی کولتوریی “ئەهورا”ی زانکۆ و “موسلم سولەیمانی“، بەرپرسیاری ئەنجمونەی ئیسلامیی زانکۆی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباردا / ٠١.١٥ پاش بەڕێووەچوونی خۆپیشاندانی خوێندکارەکانی ئەو زانکۆیە دژ بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی ئوکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرابوون.

هەروەها هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕەوشی “مادح ئەحمەدی“، هاوڵاتی خەڵکی گوندی “سەرهۆیە”ی سنە کە ڕۆژی ١٣ی بەفرانبار / ٠١.٠٣ لە ماڵەکەی خۆی لەو گوندەدا دەستبەسەرکرابوو لە بەر دەستدا نییە. ناوبراو پاش دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سنە ڕەوانە کراوە بەڵام نازانرێت کە لە کامە دەستبەسەرگەدا دەستبەسەرە.

ڕاپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە “کامبیز ئەسەدی“، هونەرمەند و بەڕێووەبری فێرگەی میوزیکی “دەنگی چیا” پاش دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار / ٠١.١٧ لە شاری کامێران گواستراوەتەوە بۆ یەک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری سنە.

سەرەڕای هەموو بەدواداچوونەکان تا ئسشتا نەزانراوە کە کامە ناوەندی ئەمنی و بە چ هۆکارێک کامبیز ئەسەدیی دەستبەسەرکردووە.