هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەقز ڕێگرییان کردووە لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی ساڵیادی هاوڵاتییەکی کورد بەناوی “ڕەئوف شەیخی” کە شەش ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ دوو کەسی دیکەی ناو ئۆتۆمبێلێکدا لە سنە درابوونە بەر دەسڕێژیی گولـلەی هێزەکانی وەزارەتخانەی ئیتلاعات و گیانیبەختکردبوو، هەروەها سێ ئەندامی بنەماڵەکەشیان دەستبەسەرکردووە.
بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕێبەندان / ٠٢.١٤، هێزە ئەمنییەکانی شاری سەقز لە ساڵیادی گیان بەختکردنی ڕەئوف شەیخیدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و بە دڕاندن و هەڵکەندنی لافیتەکان ڕێگرییان کردووە لە بەڕێوەبردنی مەراسیمەکە، پاشان برا و دوو زاوای ئەو بنەماڵەیە بەناوەکانی “حامید شەیخی”، “نەبی مەلا وەیسە” و “ئەیوب خانی”یان دەستبەسەرکردووە.
سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی شەیخی و سەردانەکانیان بۆ ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی سەقز، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی دەستبەسەرکرانیان لە بەردەستدا نییە.
لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەناندانی ساڵی ١٣٩٢دا / ٢٠١٤.٠٢.١٢، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی لە شەقامی ئیرشاد و دەوروبەری بەندیخانەی سنە ئۆتۆمبێلێکی لەجۆری پرایدیان دایە بەر دەسڕێژیی گولـلە. لە ئەنجامی ئەو دەسڕێژییەدا “ڕەئوف شەیخی” کە دەگوترێت ئەندامی “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)”ە و کەسی دیکەی ناو ئۆتۆمبێلەکە بەناوی “میلاد پیری” گیانیان بەخت کرد.
“شاهرۆخ ئەحمەدی”، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەش پاش برینداربوونی دەستبەسەرکرا و بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕەوانە کرا. ناوبراو پاش ماوەیەک ئازادکرابوو.
هێزە ئەمنییەکان ئەو کاتە تەرمی ڕەئوف شەیخییان نەدایەوە بنەماڵەکەی و ئاشکراشیان نەکرد تەرمەکەی لەکوێ بەخاک سپێردراوە، هەروەها تەرمی میلاد پیریشیان بە مەرجێک ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە کە هیچ مەراسیمێکی بۆ بەڕێوەنەبەن.