له درێژه‌ی شه‌پۆلی نوێی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتییانی كورددا، سێ هاووڵاتی له شاری شنۆ له لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتڵاعات و چالاكێكی مه‌ده‌نی له جوانڕۆ له لایه‌ن ڕێكخراوی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی شوێنێكی نادیار كراون.
به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی دووشه‌ممه ١٦ی پوشپه‌ڕ، سێ هاووڵاتی به ناوه‌كانی «ئه‌بووبه‌كر عه‌بدی، كه‌یوان شوانی و بێهروز بایەزیدی» له گه‌ڕه‌كی “سه‌لیم ئاوا”ی شنۆ له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی شوێنێكی نادیار كراون.
هه‌روه‌ها له ڕێكه‌وتی ١٤ی پوشپه‌ڕدا، هێزه‌كانی ڕێكخراوی ئیتڵاعاتی سپای پاسداران له جوانڕۆ چالاكی مه‌ده‌نی «فاتێح محەمهدخانی»یان له ماڵه‌كه‌ی خۆی ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی شوێنێكی نادیار كردووه. ده‌وترێ چه‌ند حه‌فته پێش و لە كاتی هەوڵەکانی کوژندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئه‌م ناوچه‌یەدا، لە نێوان ئه‌م چالاكه مه‌ده‌نییه و ژماره‌یه‌ك له ئەندامانی سپای پاسداران‌دا دەمەقاڵە ڕووی دابوو و ئه‌و کەسانه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان لێ كربوو. فاتێح موحه‌ممه‌دخانی له ساڵانی ڕابردووش‌دا به هۆی چالاكییه مهدهنییهكانیەوە چەندەها جار لە لایەن رێكخراوه ئه‌منیه‌تییه‌كانەوە بانگهێشت و جارێكیش ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه.
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له لایه‌ن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستانه‌وه كۆ كراوه‌ته‌وه، له سەرەتای مانگی پووشپهڕەوە تا ئێستا، لانیكه‌م ٢٣ چالاك و هاووڵاتیی كورد له شاره‌كانی سنه، مه‌هاباد، بۆكان، مه‌ریوان، شنۆ، ئیسلام‌ئاوای ڕۆژئاوا وجوانڕۆ له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.