فاتمە داوەند، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان کە لە خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، ئەمڕۆ خۆی ڕادەستی زیندانی ورمێ کرد تاکوو حوکمی ٤ ساڵ و ٢ مانگ زیندانیکردنەکەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یەک لە نزیکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١٦ی گەلاوێژ، فاتمە داوەند بانگ کرایە بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی مەهاباد و بڕیار وا بوو لە زیندانی مەهاباددا حوکمەکەی جێبەجێ بکرێت، کەچی گواستیانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ». بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای ئەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە حوکمی ٥ ساڵ زیندانەکەی لە یەک لە دۆسیەکنیدا قبووڵ کرد و ناڕەزایی لەسەر تۆمار نەکرد، بەپێ یاسا کەم کرایەوە بۆ ٤٥ مانگ، بەڵام هاوکات لە دۆسیەیەکی دیکەشدا مەحکووم کراوە بە ٥ مانگ زیندان و ٣٠ قامچی.
ئەم سەرچاوەیە پێشتریش سەبارەت بە ڕەوتی دادگاییکردنی فاتمە داوەند بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «فاتمە لە ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو و لە لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکاندا بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردنەوە لە ئاژاوەگێڕییەکاندا” و “لابردنی سەرپۆش و حیجاب”، دادگایی کرا. لەم دادگایەدا کە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مێهدی تەقیزادە بەڕێوە چوو، تۆمەتی لابردنی سەرپۆش و حیجابی لەسەر لابرا، بەڵام بۆ تۆمەتەکەیتر حوکمی ٥ مانگ زیندان و ٣٠ جار لێدانی قامچیی بۆ بڕایەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دۆسیەیەکی دیکەیش بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە کۆمەڵەدا» بۆ خانمی داوەند دروست کرابوو، بەڵام دوای قۆناغی لێپرسینەوەی دادسەرا و دەرچوونی تۆمەتنامە، تۆمەتەکە گۆڕرا بۆ “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات”: «لە ٢٣ی گوڵاندا لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی مەهاباددا بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد غوڵامی و بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی دادگایی کرا، سەرەتای پووشپەڕ بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات” حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە و ئەو حوکمە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەنراوە.» ئەم سەرچاوەیە دەڵێت خانمی داوەند بە حوکمەکە ڕازییە و داواوی قبووڵکردنی حوکمەکەی پێشکەش کردووە، ناوبراو لە درێژەدا وتی: «بڕیار وایە بەپێی یاسای تایبەت بە قبووڵکردنی حوکم، یەک لەسەر چواری حوکمەکەی بۆ کەم بکرێتەوە، بەڵام هێشتا دوابڕیارەکەی پێ ڕانەگەیەنراوە».
فاتمە داوەند لە ٢٥ی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوو و لەسەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا کە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە گرانبوونی بەنزین دەستی پێ کرد و لە ڕۆژانی دواتریشدا درێژەی پەیدا کرد، لە ماڵی خزمێکی خۆیدا لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا خرایە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی قورسی ڕۆحییەوە تاکوو بە زۆر دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت. چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی خانمی داوەند، ڤیدیۆی دانپیانانە ئیجبارییەکانی لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کرایەوە، دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، گواسترایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ورمێ و لە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.
ورمێ؛ فاتمە داوەند بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی خۆی ڕادەستی زیندان کرد
گیانبەختکردنی سێ هاووڵاتی لە هێرشەکانی سوپای پاسداراندا بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
بە هۆی هێرشی درۆنی و مووشەکیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان و بارەگایەکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران...
زیاتر بخوێنەوەڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە ٢٤٠ هاووڵاتیی گیانبەختکردووی کورد لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا
لە درێژەی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا جارجارە و لە شێوەی...
زیاتر بخوێنەوەهاووڵاتیانی گیانبەختکردووی کورد لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا
دوابەدوای شەپۆلی نوێی خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەربڵاوەکان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا کە ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥)...
زیاتر بخوێنەوە