ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٩ی سه‌رماوه‌ز، هاووڵاتییەکی خه‌ڵكی سنه‌ بە ناوی وه‌لی قەڵوەزی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا به ده‌ستی هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌م شاره‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌.

شیوا قەڵوەزی، مناڵی ئه‌م هاووڵاتییه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌ تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ڕاگەیاند و وتی: «ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ٩ی سه‌رماوه‌ز، باوکم کاتێک دەگه‌ڕاێتەوە ماڵ تێدەگات‌ هێزێكی زۆری ئه‌منی له‌ ده‌وروبه‌ری ماڵه‌كه‌ كۆ بوونه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی شكاندنی ده‌رگای ماڵه‌كه‌ ئەدەن و دوای ئەوەی خۆی به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دەناسێنێت، به‌بێ نیشاندانی هیچ جۆره‌ حوكمێكی یاسایی‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت و ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ دەستبەسەرگەی ئیداره‌ی ئیتلاعات». 

مناڵی ئه‌م هاووڵاتییه‌ كوردە وێڕای‌ ده‌ربڕینی نیگه‌رانیی خۆی له‌ ئاست دۆخی تەندروستی باوکی وتی: «باوکم نەخۆشیی‌ سەختی ئالێرژیی هه‌ناسه‌ی هەیە و گواستنه‌وه‌ی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیدارەی ئیتلاعات لە حاڵێکدا کە مۆڵەتی بەکارهێنانی دەواودەرمانەکانی پێ نادرێت، بۆ‌ته‌ هۆی تەشەنەسەندنی نیگه‌رانیی بنه‌ماڵه‌ لە ئاست دۆخی ته‌ندروستیی باوکمدا».

ناوبراو له‌ دواییدا ئەوەیشی زیاد كرد كه‌ «باوكم هیچ جۆره‌ چالاكییه‌كه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نغی نه‌بووه‌ و تا ئێستا لێمان دیار نییە لەسەر چی ده‌ستبه‌سه‌ر کراوە».

شایانی باسه‌ شه‌یدا ڕه‌حیمی، چالاكی مه‌ده‌نی و هاوسه‌ری ئه‌م هاووڵاتییه‌ كوردە، له‌ مانگی گوڵانی ساڵی ٩٥دا لە لایەن هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه‌وە ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و دوای ١٨ ڕۆژ به‌ دانانی بارمته‌ی ٣٠٠ میلیۆن تمه‌نی ئازاد كرا. ئه‌م چالاكه‌ مه‌ده‌نییه‌ له‌ مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ٩٥دا له‌ لقی یه‌كەمی دادگای شۆڕشی سنه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر سه‌عیدی، به‌ تۆمه‌تی «تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی» سزای ٦ ساڵ به‌ندكرانی به سه‌ردا سه‌پا. ناوبراو دوای زه‌خت و گوشاری زۆری ڕێكخراوه‌ ئه‌منییه‌كان له‌گه‌ڵ ٣ منداڵه‌كه‌ی ئێرانیان بەجێ هێشت و ئێستا نیشتەجێی وڵاتێكی ئه‌ورووپان.