موسته‌فا ئه‌حمه‌دیان، پارێزه‌ری یاسایی له كرماشان، له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ڕایگەیاند کە ئانیسا جهعفهریمێهر و داریووش مورادی به دانانی بارمته ئازاد کراون.
به وته‌ی ئه‌م پاریزه‌ره، ئانیسا جهعفهریمێهر له ڕێكه‌وتی ١٩ی سەرماوەزدا به دانانی بارمته‌ی ٣٥٠ ملیۆنی و داریووش مورادی لە ١٧ی سه‌رماوه‌زدا به دانانی كه‌فاله‌ت له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كرماشان ئازاد كراون.
موسته‌فا ئه‌حمه‌دیان له درێژه‌دا وتی: «دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاباد تۆمەتی «بانگه‌شه‌ی دژی حکوومەت» و «ئه‌ندامبوون له گرووپه دژبه‌ره‌كانی حکوومەت»ی ڕووبەڕووی پارێزراوەکانم کردۆتەوە.
سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی ٣ی سه‌رماوه‌ز، ئانیسا جهعفهریمێهر، ده‌رچووی لقی زمان‌ناسی و ئه‌ندامی دەستەی نووسه‌رانی وه‌رزنامه‌ی ئه‌ده‌بی-هونه‌ریی «ژێ»، له ماڵه‌كه‌ی خۆی له شاری شابادی پارێزگای كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، هاوكات داریووش مورادی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ماڵپه‌ڕی كولتووری-ئه‌ده‌بیی «هه‌ساره»یش له ماڵه‌كه‌ی خۆی له شاری شاباد لە لایەن هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا.
هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تا ڕاگه‌یه‌نرا كه ئه‌و ده‌زگایه‌ی ئه‌م دوو چالاكه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه ده‌زگای ئیتلاعاتی سپایه به‌ڵام پارێزه‌ری ئه‌م دوو كه‌سه وتی ئه‌و دەزگایە كه ده‌ستبه‌سه‌ریانی كردوه ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كرماشانه.
داریوش مورادی و ئانیسا جەعفەری‌میهر لە سەرماوەزی ساڵی پار و لە کاتی دەستبەسەرکردنی لانیکەم ٧ چالاکی فەرهەنگیی شاباد و کرماشان‌دا دەستبەسەر کرابوون. ئەگەرچی خانمی جەعفەری‌میهر دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە دانانی کەفالەت ئازاد کرابوو، بەڵام داریووش مورادی و چالاکوانە فەرهەنگییە دەستبەسەرکراوەکانی‌تر بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای کرماشان‌دا مابوونەوە.